رۆژنامەوان یڵدز: گێڕانەوەی سەید گێڕانەوەی شۆڕشە

رۆژنامەوان زنار یڵدز رایگەیاند: "گێڕانەوەی سەید تەنیا گێڕانەوەی شۆڕشگێڕێک یاخود رۆژنامەوانێک نییە، گێڕانەوەی خودی شۆڕشە" و رایگەیاند، کە سەید ئەڤران رۆژنامەوانێک بوو کە پرسیار و لێکۆڵینەوەی دەکرد.

شۆڕشگێڕ، گەریلا و رۆژنامەوانی گەورە سیەد ئەڤران ٢٢ی ئەیلول لە ئەنجامی وەستانی دڵ شەهیدبوو. رۆژنامەوان زنار یڵدز هاورێی ئەو باس لە تێکۆشانی سەید ئەڤران دەکات.

یڵدز سەرەتا باسی لەوەکرد کە چۆن سەید ئەڤرانی ناسیوە: "لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕی کوردستاندا هەڤاڵێکی بەو جۆرە بوو کە پێشتر دەناسرا. ئێمە بەدواداچوونمان بۆ رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی دیکەی تێکۆشان دەکرد. لە یەکەم قۆناغەکاندا من ناوی هەڤاڵ سەیدم ناسی، نوسراوەکانیم دەخوێندەوە. دوای ئەوەی بەشداریم لە تێکۆشاندا کرد لە گۆڕەپانی گەریلا ئەوم ناسی. شانازی و سەربەرزیەک بوو کە لەناو تێکۆشاندا ئەو بە ناسنامەی شۆڕشگێڕی و رۆژنامەوانیەوە بناسیت".

رۆژنامەوانی بۆ شۆڕش کرد

سەبارەت بە تایبەتمەندیە بەرچاوەکانی سەید ئەڤران، زنار یڵدز وتی، "هەڤاڵ سەید هاوڕێیەکی بەو جۆرە بوو کە هەستی بە ئازارەکانی هاوڕێکانی دەکرد. بەراستیش دەیزانی ببێتە هاوڕێ. هەستی بە هاورێکانی دەکرد. دڵخۆشی و ئازارەکانیانی هەست پێدەکرد و هاوبەشی دەکردن".

زنار یڵدز سەرنجی راکێشا بۆ سەر کەسایەتی بنکۆڵکاری سەید ئەڤران و وتی، "مرۆڤێکی بەو جۆرە بوو کە بەوەوە نەدەوەستا کە دەیبینی. لە هەر رووداوێکی بڕوانیایە، یا بیبینیایە بەو جۆرە مامەڵەی دەکرد کە چی لە پشت ئەو رووداوەوەیە، چی لێدەکەوێتەوە، ئاخۆ بە چیەوە بەستراوەتەوە، ئایا پەیوەندی بە چیەوە هەیە. ئەوەی بەردەستی هەرگیز بە ئاسانی قەبوڵ نەدەکرد. هەڵوێستێکی بەو جۆرەی هەبوو کە بەردەوام دەیپرسیەوە. لە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکان و رووداوەکاندا بەردەوام هەوڵی دەدا دیوە نەبینراوەکان ببینێت. ئەوەش دەبووە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی هەڤاڵ سەید لێکۆڵینەوە بکات. بە تێڕوانینی من لەبەر ئەوەش رۆژنامەوانی هەڵبژارد. کەسایەتی هەڤاڵ سەید زۆر گونجاو بوو بپ رۆژنامەوانی شۆڕش. لەبەر ئەو تایبەتمەندیانە دەستی بە رۆژنامەوانی شۆڕشگێڕی کرد.

پرسیار دەکرد و بە دوای شتی نوێدا دەگەڕا

کەسایەتیەک بنکۆڵکاری بەو جۆرە دەبووە هۆی ئەوەی شتە هەنووکەییەکان قەبوڵ نەکات. بەردەوام لە بەدواداچووندا بوو بۆ گۆڕانکاری. وەک شۆڕشگێڕێک لەناو تێکۆشانی گۆڕانکاری هەنووکەیی و سەرڕاستکردنەوەی هەڵەکاندابوو".

گەل خۆشیان دەویست

زنار یڵدز ئەوەی خستەڕوو کە سەید ئەڤران پەیوەندییەکی جوانی لەگەڵ گەلدا هەبوو و وتی، "لەماوەی ١١ ساڵ کاری شۆڕشی رۆژئاوادا بنەماڵەیەک، منداڵێک نەبوون کە سەیدیان خۆش نەویستبێت. ژنێک، پیاوێک، کەسێکی بەتەمەن بوونی نەبوو کە لە هەڤاڵ سەید دڵگران بووبێت. دەچوو کارێکیدەکرد، مرۆڤەکان قەبوڵی بکەن و خۆشیان بوێت".

رۆژنامەوانی وەک شۆڕشێک هەڵدەسەنگاند

یڵدز سەرنجی راکێشا بۆ سەر پێناسەی 'مێشکی راگەیاندنی ئازاد' کە لەبارەی سەید ئەڤرانەوە بەکاردەبرێت و وتی، "ئەوەی سەید ئەڤرانی کردە مێشکی راگەیاندنی ئازاد خودی خۆی بوو. ئەو بۆخۆی مێشک بوو. هەڤاڵ سەید هەرگیز وەک پیشەیەک رۆژنامەوانی هەڵنەسەنگاند. تەنیا وەک بەدواداچوون و بڵاوکردنەوەی رووداوەکان نەیدەبینی. رۆژنامەوانی وەک شۆڕشێک هەڵدەسەنگاند. رۆژنامەوانی هەڤاڵ سەید رۆژنامەوانیەکی بەو جۆرە بوو کە ئەوەی نابینرێت، بخرێتە بەر چاو، هەڵەکان ئاشکرا بکرێن، ئەوەی پێویست بێت بکرێت و بەو جۆرە کاری رۆژنامەوانی دەکرد. ئەمە خودی شۆڕشگێڕییە".

دەیویست ژیانی شۆڕشگێڕی بگەیەنێتە گەل

یڵدز لە درێژەدا وتی، "رۆژنامەوانی و شۆڕشگێڕی لە یەکتر جیانەدەکردەوە. بەلای سەیدەوە یەک لە کارە سەرەکیەکان ئەوەبوو کە رەنج و هەوڵەکانی شۆڕش، خودی شۆڕش بگێڕێتەوە، باس لە شۆڕشگڕان بکات، ئامنج و ژیانی شۆڕشگێڕان بگەیەنێتە گەل".

خاوەنداری لە نەریتی راگەیاندنی ئازاد

لە کۆتایی قسەکانیدا زنار یڵدز وتی، "ئەو شوێنکەوتوویەکی نەریتی موسا عەنتەر تا ئۆزگور ئولکە و غوربەتلی ئەرسۆز بوو. خۆیشی زۆر شتی بەو نەریتە زیاد کردبوو. هەربۆیە گرتنەبەری نەریتی سەید ئەڤران گرتنەبەری رێچکەی ئەو نەریتەیە. ئەگەر ئامانجمان شوێنکەوتنی ئەو نەریتەبێت، یەکەم کارمان ئەوەیە کە ئەو نەریتە بگرینەبەر".

زنار یڵدز دەستنیشانی کرد کە بۆ خاوەنداری لە سەید ئەڤران دەبێت پێداگری زۆر لە سەر تێکۆشان بکرێت و وتی، "دەبێت ئێمە لە کەسایەتی سەیددا ببینین کە بە چ رێگە و رێبازێک تێکۆشان ئەنجام دەدرێت و ئەوە بەردەوام دەبێت".

هـ . ب