رۆژی جیهانی کۆبانێ بە ئاهەنگێک پیرۆزکرا
١ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی کۆبانێ لەو شارە بە ئاهەنگێک پیرۆز کرا.
١ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی کۆبانێ لەو شارە بە ئاهەنگێک پیرۆز کرا.
بەمەبەستی پیرۆزکردنی ١ی تشرینی دووەم/نۆڤەمبر رۆژی جیهانی کۆبانێ جەماوەرێکی زۆر روویان کردە کۆبانێ. بە بەشداری سەدان کەس کە نوێنەرانی رێکخراو و دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پێکهاتەکانی هەرێمەکەیان تێدابوو، لەبەردەم ئەنجومەنی جێبەجێکاری هەرێمی فورات ئاهەنگێک سازکرا. لە ئاهەنگەکەدا دروشمی 'بژی بەرخودانی کۆبانێ' وترایەوە.
دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدان، بریندارێکی شەڕ بە ناوی ئیسماعیل محەمەد قسەی کرد و وتی، "ویستیان بەو هێرشانە کۆبانێ لەسەر نەخشە بسڕنەوە و هەموو ئەوانەی داوای ئازادی دەکەن لەناو ببەن. ویستیان هەموو گەلان بکەن بە کۆیلە و بە کۆیلایەتی رایانبگرن. بەڵام ئێمە بە هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ و بە رۆحی نەتەوەی دیموکراتیک ئەو تاریکییەی داعشمان لەناوبرد و سەرکەوتین".
جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکاری هەرێمی فورات مزگین خەلیل وتی، "لە ساڵی ٢٠١٤دا هێرشێکی دڕندانە کرایە سەر کۆبانێ. ئەو هێرشەش لە سەر دەستی چەتەکانی داعش و بە هاوکاری دەوڵەتی تورک ئەنجامدرا. ویستیان ناوەندی شۆڕشی رۆژئاوا لە ناوببەن. بەڵام بە گیانبازی ئارین و هاورێکانی، ئێمە سەرلەنوێ ژیانێکی ئازادمان خوڵقاند. ئیتر خۆمان سەلماند کە ئێمە کورد دەتوانین لە بەرامبەر ئەو تاریکیە رەشەدا خۆراگری بکەین".
هاوسەرۆکایەتی شارەوانی ناوچەی سرین مستەفا موسلمیش وتی، "بە رۆحی نەتەوەی دیموکراتیک تارمایی داعشمان لەناوبرد. لە رۆژی جیهانی کۆبانێدا ئێمە دیسان داوا دەکەین کە دەبێت سەرلەنوێ بە شێوەی یەک دەست بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە و هەڵوێست بگرنەبەر".
لە ئاهەنگەکەدا گۆرانی وترا و هەڵپەڕکێکرا.
هـ . ب