شاندێکی فەرەنسی سەردانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان کرد

ئەو شاندەی لەلایەن سەرۆککۆماری فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆنەوە ڕاسپێردرابوون، سەردانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان کرد.

وەزیری پێشوو پەروەردەی نەتەوەیی فەرەنسا، میشێل بلانکوێت، نوسەر و لێکۆڵەر پاتریس فرانچێسکی، نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە فەرەنسا، خالید عیسا، لەنێو شاندەکەدا بوون.

شاندەکە لەلایەن بەرپرسانی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە پێشوازیان لێ کرا. لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بێدەنگی نێونەتەوەیی و هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کرا.

ئەم شاندە لەلایەن ماکرۆنەوە ڕاسپێردرابوون، لەگەڵ نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەردانی گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخانیان کرد. شاندەکە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندی و هاوکارییەکان درێژە بە سەردانەکەیان دەدەن.

شاندەکە دووپاتیان کردەوە، سەردانەکەیان بە ئامانجی ئاشنابوون بە دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پتەوکردنی پەیوەندییەکان بووە.