شەهید چیا قامیشلۆ بەخاک سپێردرا

شەهید چیا قامیشلۆ لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان بەخاک سپێردرا.

 

دانیشتوانی شاری قامیشلۆ شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات قەسەدە، شەهید چیا قامیشلۆ (عەبدولقادر نایف) کە لە ساڵی ٢٠١٣ــەوە لە هێزی سەربازیدا ئەرکدار بوو، بەمەراسیمێکی جەماوەری بەخاک سپارد. چیا قامیشلۆ ڕۆژی ١١ی کانوونی یەکەم لە شارۆچکەی مەرگەدەی کانتۆنی حەسەکە شەهید بوو.

ڕێوڕەسمی بەڕێکردنەکە لە مەزارگەی شەهید دەلیل سارۆخان بە بەشداری هەڤاڵان و بنەماڵەی شەهید، ئەندامانی کۆنگرە ستار، ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان و بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) بەڕێوەچوو.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان شەمسیخان گوولۆ، قسەی کرد و ڕایگەیاند، دوێنێ شەڕڤانێکی هێزەکانی کۆماندۆمان، شەهید عەبدولقادر ئیبراهیم بەڕێکرد و وتی:"ئەمە دەیسەلمێنێت کە هێزی یەکگرتووی گەلان لە هەر شتێک بەهێزترە، ئەو شەهیدانە بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان خۆیان کردە قەڵغان، ئێمەیش هەمیشە ڕێبازی شەهیدەکانمان بەرنادەین."

هەروەها حاجی عەرەب ئەندامی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ئەیالەتی شەهید ڕوبار قامیشلۆ هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی شەهید دەڕبڕی و ڕایگەیاند ئێمە بەڵێن دەدەین بەردەوامیدەری ڕێبازی شەهیدانمان دەبین.

ئەندامی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک، عەلی ڕەسووڵیش قسەی کرد و وتی:"لە چاوی شەهیددا وا دیار بوو کە دەیەوێت بڵێ ئێمە بە ڕۆژئاوا بە جیهان ناگۆڕینەوە، ئاوی کانیاوەکانی لە هەموو شوێنێک ڕوونترە و خاکەکەی لە هەموو شوێنێک بە پیت ترە. ئێمە لەسەر خاکی خۆمان لەدایک بووین و فیدایی وڵاتەکەمان دەبین."

هەروەها خاڵی شەهید چیا قامیشلۆ، وەلید عەبدوڵا ئالخەفۆ قسەی کرد و سەرەخۆشی خۆی بۆ عەشیرەتەکانی ئەلڕەشید و ئەلخەواتنە دەربڕی و وتی:" ئەوە مافی شەهیدەکانمانە کە ئێمە تێکۆشانی بۆ دەکەین و تا کۆتایی بەدوای مافەکانماندا تێبکۆشین. شەرمەزارییە بۆ دوژمنان کە بەناوی ئیسلامەوە شەڕمان لەگەڵ دەکەن. عەشیرەتە عەرەبەکانمان بە پلانەکانی دوژمن دژی یەکێتی گەلان فریو نەخۆن و وەرنەوە ناو برایەتی گەلان".

لە کۆتایی ڕێورەسمەکەدا ناسنامەی شەهید چیا قامیشلۆ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و جەماوەریش بە دروشمی "شەهید نامرن" تەرمی شەهیدیان لە مەزارگەی شەهید دەلیل ساروخان بە خاک سپارد.