ڕۆشنبیرانی ڕەقە پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان شەرمەزار کرد

ڕۆشنبیرانی ڕەقە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزارکرد و جەختیان کردەوە لەسەر بڵاوکردنەوەی ئایدیاکانی کە لەرزێنەری عەرشی دەوڵەتە خۆسەپێنەکانە.

ڕۆشنبیر حەسەن مستەفا لەم بارەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا، گوتی: "١٥ ی شوبات ڕۆژێکی ڕەشە لە مێژوودا. دەوڵەتانی کۆڵۆنیاڵیستی و سیستەمە دیکتاتۆرییەکان پیلانگێڕییەکیان بەرامبەر رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا".  

هەروەها گوتی: "هێشتا سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەم هەموو ساڵە، وڵاتانی جیهان بێدەنگن، هەموو یاساکانی خۆیان پشتگوێ دەخەن. لێرەوە ڕۆڵی ڕۆشنبیر دێتەپێش بۆ ئاشکراکردنی پیلانگێڕی و ڕەهەند و ئامانجەکانی پیلانگێڕییەکە. فیکری ڕێبەر تایبەت نییە بە نەتەوەیەک، بەڵکو ڕێبەری گەلانی تێکۆشەری خوازیاری ئازادی و شکۆمەندیە. ئازادی ڕێبەر، ئازادی هەموو گەلانە".

هەروەها داوای کرد ڕەوشی تەندروستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند کارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژەدانە بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و ڕێگرتنە لە ئایدیاکانی کە بۆتە هۆی لەرزاندنی عەرشی ستەمکاری.

لای خۆیەوە، شەواخ عەلی ڕایگەیاند ڕفاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دوورە لە هەموو یاسایەکی مرۆڤایەتی و گوتی: "نایانەوێت دۆزی ڕێبەر لەڕووی یاساییەوە باس بکەن، لایەنەکانی وەک دادگای نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەم بابەتە هەڵدێن. بۆچی لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناپرسنەوە؟ ئەردۆگان تاوانباری جەنگە و پێویستە لێپرسینەوەی لێ بکرێت".

شەواخ ڕایگەیاند ئامانج لە گۆشەگیری پەکخستنی ئەو ئەزموونە دیموکراتیک و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پێکەوەژیانی گەلانە کە لەسەر فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزراوە، جەختی کردەوە، پێویستە فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوبکرێتەوە و لێپرسینەوە لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بکرێت بەرامبەر تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکانی.