بە دیمەن

سلێمان عیسا: سی پی تی دەبێت ڕۆڵی خۆی جێبەجی بکات

سلێمان عیسا ئەحمەد، ئەندامی دەستپێشخەری ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا ڕایگەیاند، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان لە ئیمرالی پێشێل دەکرێن و داوای لە سی پی تی، سەرجەم دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ کرد لەدژی ئەو پێشێلکاریینە هەوڵوێستییان هەبێت.

کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە و مامەڵەکردنی نامرۆڤانەی ئەورووپا (سی پی تی) لە نێوان ٧بۆ ١١ی نیسان سەردانی هەندێک لە زیندانەکانی تورکیای کرد، بەڵام لەو سەردانەدا نەچووە زیندانی ئیمرالی کە ڕێبەر ئاپۆی تێیدا زیندانی کراوە. هەروەها سی پی تی دوایین جار لە ساڵی ٢٠٢٢دا سەردانی زیندانی ئیمرالی کرد بەڵام ڕاپۆرتەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاو نەکردەوە.

فرەپاساوی بێ بنەما

سەبارەت بە سەردانی نەکردنی سی پی تی بۆ زیندانی ئیمرالی و گۆشەگیریی سەپێنراو بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا، سلێمان عیسا ئەحمەد، ئەندامی دەستپێشخەری ئازادیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ لە سووریا، بە بیری هێنایەوە کە بە ساڵانە پارێزەران و بنەماڵەکان بە بیانووی جۆراوجۆر ڕێگرییان لێدەکرێت لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ  و زیندانی دیکەی ئیمرالی کۆببنەوە.

'ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سیاسیین'

سلێمان عیسا ئەحمەد بە ئاماژەدان بەوەی کە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان لە دوورگەی ئیمرالی پێشێل دەکرێن، وتی: "هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکرێن. هیچ نموونەیەکی هاوشێوەی زیندانی ئیمرالی لە جیهاندا نییە، زۆرێک لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان سەردانی ئیمرالییان کردووە و ڕاپۆرت و ڕاسپاردەیان پێشکەش کردووە. بەداخەوە تا ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەو ڕاسپاردانەی جێبەجێ نەکردووە. هەروەها سی پی تی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی ئیمرالی کردووە. چوونەوەی سی پی تی بۆ ئیمرالی مانای خۆی لەدەست داوە، چونکە تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاونەکردۆتەوە. ساڵانی رابردوو کە دەچوون دوای چەند ساڵێک ڕاپۆرتەکانیان بڵاو دەکردەوە. بەڵام بەداخەوە لەم دواییانەدا ڕاپۆرتەکانیان تەنیا ئاماژەدان بە سەردانەکەیە و هیچ زانیارییەکی گشتگیر بڵاو ناکرێتەوە. هەروەها ئەو ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانیش یاسایی نەبوون و زۆربەیان سیاسی بوون. سی پی تی بەگوێرەی یاسا و مافی مرۆڤ مامەڵەی نەکردووە، بەڵکو بەگوێرەی هەستیارییەکانی دەوڵەتی تورکیا مامەڵەی کردووە. بۆیە چوونەوەی سی پی تی بۆ ئیمرالی مانای خۆی لەدەستداوە."

'هەڵوێستی سی پی تی جێگەی شەرمە'

سلێمان عیسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر سی پی تی ئەنجامی سەردانەکانی زیندانەکانی خۆی ڕاپۆرت نەکات و بۆ ڕای گشتی بڵاوی نەکاتەوە، ئەوا سەردانەکانیان هیچ مانایەکی نابێت و وتی: "بەهەزاران زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیادا هەن، تا ئێستا سی پی تی هیچی لەبارەیانەوە ئاشکرا نەکردووە. تا ئێستا هیچ ڕاپۆرت و لێدوانێکی لەو بارەیەوە پێشکەش نەکردووە. بۆیە​​ هەڵوێستی سی پی تی و سەردان نەکردنیان بۆ زیندانی ئیمرالی ئیدانە دەکەین، هەروەها بێدەنگیان لەبەرامبەر پێشێل کارییەکانی مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی تورکیا جێگای شەرمە. بەو بۆنەوە داوا لە سی پی تی و هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین ئەرکی خۆیان لەو بارەوە جێبەجێ بکەن."