بە دیمەن

هەتاکو ئاسایش بەرقەرار دەبێت، ئۆپراسیونەکان بەردەوام دەبن

وتەبێژی قەسەدە ئەبجەر داود گوتی: "ئایدۆلۆژیای داعش لە ناودەبەین." ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی-ژن بەهار عەباس ڕایگەیاند: "ئەرکی هەموومانە بە عەقڵێکی ئازاد و دیموکراتیک کۆمەڵگا بنیات بنێین."

لە کەمپی هۆڵ ئۆپراسیۆنی بەرفراوان لە دژی داعش، بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی-ژن، یەپەژە و قەسەدە بەردەوامە. ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکە ئەمنیەتی کەمپی هۆڵە، کە یەکێک لە شوێنە مەترسیدارەکانی هەرێمەکە. تاوەکو ئێستا لە ئۆپراسیۆنەکەدا ١٦ ئەندامی داعش دەستبەسەر کراوە. هەروەها چەندین جبەخانە دەستی بەسەردا گیراوە. بەمەبەستی نەهێشتنی تەواوەتی مەترسییەکانی داعش بە بەردەوامی تێکۆشان بەردەوامە و تاوەکو بە تەواوی ئاسایشی کەمپە بە دی دەهێنرێت ئۆپراسیۆنەکان بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی کەمپەکە کە لە ١٨ی نیسان دەستی پێکرد، وتەبێژی هێزەکانی سووریا دیموکراتیک ئەبجەر داود و ئەندامی هیزەکانی ئاسایشی ناوخۆی-ژنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهار عەباس بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

ئەبجەر داود گوتی: "لە دوای پێشهاتەکان وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بڕیارماندا ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان لە کەمپی هۆڵ دەست پێ بکەین. ئەمەش بە ئامانجی سەقامگیری و ئاشتییە. ئەم ئۆپراسیۆنە بە بڕیاردانی قەسەدە و یەپەژە و هاوکارەکانی بەڕێوەدەبرێت."

ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە ئەمنیەتی هەرێمەکەیە

ئەبجەر داود ئاماژەی بەوەشدا سەرەڕای دۆخی ئەمنی و سیاسی ئێستا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ خۆیان خستە نێو ئەرکێکی قورسەوە و گوتی: "لە هەمانکاتدا ئەم هەنگاوە لە سایەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە ئەنجام دەدرێت و بە هەموو هێزیانەوە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی پڕۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بپارێزن."

'پێویستە ژنان و منداڵان لەم کەمپەدا لە فکری یەک لایەنی ڕزگار بکرێن'

لە کۆتایی قسەکانییدا ئەبجەر داود ئاماژەی بەوەدا ئەم ئۆپراسیۆنە بە سەرکەوتووی تێپەڕ دەبێت و گوتی: "تاوەکو کۆتایی بۆ ئاشتی و ئەمنیەتی مەدەنییەکان تێدەکۆشین و هەوڵەکانی داعش بۆ تێکدانی کۆمەڵگە، لە ناودەبەین."

'دەبێت منداڵان و ژنان لە زیهنیەتی داعش ڕزگار بکرێن'

بەهار عەباس لە دەستپێکی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەدا ئەم ئۆپراسیۆنە تەنها بۆ زیندانیکردنی چەتەکان نییە، بۆ لە ناوبردنی زیهنیەتی یەک لایەنی لە ئەقڵی ژن و منداڵاندا کە لە ڕێگەی داعشەوە بڵاوکراوەتەوە و گوتی: "دەمانەوێت ژنان و منداڵان لەم کەمپەدا لە سەقامگیریدابن. مەترسییەکانی داعش سەرلەنوێ زیندوو دەبێتەوە لە هەموو شوێنێک هەیە. کاتێک ئەم ئۆپراسیۆنەمان دەستپێکرد نەک تەنها بۆ ئەمنیەتی کەمپەکە بە گشتی بۆ هەرێمەکە بوو. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە فکری داعش لەسەر ژنان و منداڵاندا نەمێنت. چونکە ئەو شەڕەی لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوودەدات تەنها شەڕێکی چەکداری نییە، لە هەمانکاتدا شەڕی تایبەتیشە."

'سەرکەوتنی هەمیشە هی ئێمە دەبێت'

لە کۆتایی قسەکانییدا گوتی: "ئەم ئۆپراسیۆنە بۆ پاراستنی پڕۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە. هەروەها بۆ ئافراندنی کۆمەڵگەیەکی خاوەن ئەقڵیەتی ئازاد و دیموکراتیکە. پێویستە هەموو سەختییەکان تێپەڕنین و بە هێزەکانمان باوەڕبکەین. چونکە سەرکەوتن هەمیشە هی ئێمە دەبێت."