بە دیمەن

لە کۆبانی بۆ شەهیدان مەراسیمێکی بەشکۆ بەڕێوەچوو

دانیشتوانی کانتۆنی فورات لە مەراسیمێکی جەماوەریدا لە گۆڕستانی شەهید دیجلە چوار شەهیدی تێکۆشانیان بە خاک سپارد و هەروەها مەراسیمێکی یادکردنەوەیان بۆ گەریلای شەهیدی هەپەگە بەڕێوە برد.

ئەمڕۆ بە سەدان کەس لە دانیشتووانی کانتۆنی فورات بە مەراسیمێکی شکۆمەند شەهیدانی ئەندامی هێزەکانی کۆماندۆ ئەحمەد ساڵح (خەبات)، عەلی مشۆ (دیار عەفرین) و ئەندامانی هێزەکانی قەسەدە، حەکیم جەزایر(شیار هەرەکۆل) و فەرهاد عەبدی (فەرهاد کۆبانێ)، کە لە بەرواری جیاوازدا لە بەنداوی تشرین شەهیدبوون، بەڕێوەبرد. هەروەها مەراسیمێکی یادکردنەوەیان بۆ گەریلای شەهیدی هەپەگە ئیبراهیم محۆ (چیاگەر دیجلە)، کە ٢٢ی تەمموز لە هەرێمەکانی زاپ شەهید بوو، بەڕێوە برد.

'ڕێبازی شەهیدان درێژە پێ دەدەین'

لە مەراسیمەکەدا کە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی شۆڕش دەستی پێکرد، دنیا محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات قسەی کرد و سەرنجی دایەسەر فیداکارییەکانی شەهیدان و وتی: "شەهیدانمان میراتێکی گەورەیان بۆ بەجێهێشتوین. ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانیان و خاکەکەمان دەپارێزین."

هەروەها محەمەد ئۆسۆ، ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی کانتۆنی فورات لە وتارەکەیدا وتی: "ئێمەش وەک هەموو گەلان بەرامبەر ئەوانەی دەیانەوێت بە عەقڵیەتی عوسمانی نوێیەوە بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات یەکدەگرین. گەلی کورد بەرەو سەرکەوتن دەچێت و کەس ناتوانێت ڕێگری لێبکات. ئێمە بە شانازییەوە هەتا کۆتایی میراتی شەهیدانمان دەپارێزین."

برای شەهید شیار هەرەکۆل دەهام جەزایر وتی: "باوکم شەهید بوو، برایەکەم شەهید بوو و ئەمڕۆش برایەکی ترمان شەهید بوو، ئێمە هەموومان بە شانازییەوە ڕێبازی ئەوان درێژە دەدەین."

پاشان، ناسنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە. پاشان تەرمی شەهیدان بە دروشمی "شەهیدان نامرن" بەخاک سپێردران.