بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، بنەماڵەی زیندانی سیاسی کورد حەمید حسێن نەژاد بۆ سێیەم ڕۆژە لەبەردەم دادگای شۆڕشی ورمێ گردبوونەتەوە و داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی دەکەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە گردبوونەوەی بنەماڵە و کەسوکاری زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بەمجۆرە ڕایگەیاند:
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای شۆڕشی ورمێ کەسوکار و بنەماڵەی زیندانی سیاسی کورد سزادراو بە سزای لەسێدارەدان حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو گردبوونەوە و داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی دەکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ سێیەم ڕۆژە لەبەردەم دادگای شۆڕشی ورمێ دەستیان بە گردبوونەوە کردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڤیدیۆیەکی دانپێدانانی زۆرەملێ حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو بڵاوکردووەتەوە، کە تێدا هەوڵدراوە بە تۆمەتی”سەرهەڵدان” تۆمەتبار بکرێت.
هاوکات، بڕیاربوو ڕۆژی هەینی ڕابردوو حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ لەسێدارە بدرێت، بەڵام بە هۆی مانگرتنی بنەماڵەکەی لە بەردەم زیندانییەکە جێبەجێکردنی سزاکەی دواخرا.
حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو (٣٩ ساڵ) لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٤ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە پەکەکە" دەستگیرکرا و بە تۆمەتی "سەرهەڵدان دژی دەوڵەت" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و لە ١٥ی نیساندا بۆ ئەوەی لەسێدارە بدرێت لە ژووری تاکەکەسیدا دەهێڵرێتەوە و دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ١٧ی نیسان ئەنجامدا. شایانی باسە بنه ماڵەکەی ڕایانگەیاند که ئەو سزایەی که سه پێنراوه نایاساییه و لە بەردەم زیندانی ناوه ندی ورمێ ده ستیان به چالاکی دانیشتن کردووه .