١٥ی ئایار ڕۆژی زمانی کوردی پیرۆز دەکرێت

لە شەرناخ ئامادەکاری بۆ ١٥ی ئایار ڕۆژی جەژنی زمانی کوردی دەستی پێکرد. لە قسەکاندا ئاماژە بەوەکراوە لە چوارچێوەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆدا تێکۆشان بۆ زمان بەردەوامە.

جەژنی زمانی دایک لە شەرناخ

بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی زمان و کەلتووری برجا بەلەک و جودی دەر، ١٥ی ئایار ڕۆژی زمانی کوردی لە بەردەم بینای پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە شرناخ دەستیپێکرد. پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی شەرناخ، پەرلەمانتاری محەمەد زەکی ئیرمەز و چەندین کەس بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون. لە ڕاگەیاندراوەکەدا پانکار بە نوسینی "ستاتۆی کوردی، پەروەردە بە کوردی" هەڵگیرا.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن ئەندامی کۆمەڵەی زمان و کەلتووری برجابەلەک جاهیت ئاکیل خوێندرایەوە. جاهیت ئاکیل ئاماژەی بەوەدا دەیان ساڵە هەبوون و ناسنامەی گەلی کورد نکۆڵی لێ دەکرێت و گوتی: "بۆ ئەوەش بەڕێز ئۆجالان دەڵێت؛ 'ئەگەر نەتوانم بە زمانی دایکم قسە بکەم، ئەگەر منداڵان نەتوانن زمانی دایکیان فێربن، ئەوکات چ  مانایەک بۆ ژیانمان دەمێنیت؟'. وەک گەلی کورد سەدان ساڵ زیاترە ئەم ئازارە دەچێژین. ئەمساڵ بە بۆنەی ١٥ی ئایار جەژنی زمانی کورد بە دروشمی ستاتۆی کوردی، پەروەردە بە کوردی لە گۆڕەپانەکان دەبین. دەبێت ستاتۆی زمانی کوردی دانی پێدابنرێت، زمانی کوردی ببێتە فەرمی، لە پێش قوتابخانە تاوەکو زانکۆ دەبێت پەروەردە بە زمانی کوردی هەبێت و بە یاسایی مافەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکرێن."

جاهیت ئاکیل ئاماژەی بە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و گوتی: "بۆ ئەوەی هۆشیاری و پەرەپێدانی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ژیاندا پێشبکەوێت، پێش هەموو شتێک دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد ببێت. بۆ ئەوەی ئەمەش بە دی بێت، دەبێت لە هەمووکات زیاتر تێکۆشان بکەین. وەک هێزەکانی ڕەنج و دیموکراسی لە شەرناخ و تەواوی ناوچەکانی بڵاوکراوە بە زمانی کوردی بڵاو دەکەینەوە. دیسان بە بۆنەی ١٥ی ئایار جەژنی زمانی کورد، فیستیڤاڵ، پانێڵ، وۆرک شۆپی منداڵان، ئاهەنگ، ڕێپێوان و ڕاگەیاندراو ئەنجام دەدرێت."

پەرلەمانتار محەمەد زەکی ئیرمەز ئاماژەی بەوەشدا زمانی کوردی سەدانە ساڵە ڕووبەڕووی سیاسەتی لە ناوبردنە و گوتی: "گەلی کورد بۆ پاراستنی زمانی کوردی تێکۆشانی زۆری ئەنجامداوە. دەمانەوێت زمانی کورد ببێتە زمانی پەروەردە. لەبەر سیاسەتی ئێستا چەندین زمان لە ناوچوون. بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی پەروەردە، تێکۆشانمان فراوانتر دەکەین. لە ١٥ی ئایار بۆ زمانی کوردی چەندین چالاکی جۆراجور ئەنجام دەدەین و داواکاری پەروەردەی زمان دەردەبڕین."

ڕاگەیاندراوەکە بە بەرزکردنەوەی دروشمی "زمانمان شكۆمانە" و "بێ زمان ژیان نابێ" کۆتایی هات.