ئۆزەل لە وان: پرسی کورد هەیە، دەبێت لە پەرلەمان هەنگاوبنرێت
سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل لە وان قسەی کرد و گوتی، "پرسی کورد هەیە"، ئۆزەل، سەبارەت بە ڕاگەیاندراوی پەکەکە دەربارەی کۆنگرە، ڕایگەیاند کە دەبێت پەرلەمان هەنگاوبنێت.
سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل لە وان قسەی کرد و گوتی، "پرسی کورد هەیە"، ئۆزەل، سەبارەت بە ڕاگەیاندراوی پەکەکە دەربارەی کۆنگرە، ڕایگەیاند کە دەبێت پەرلەمان هەنگاوبنێت.
پاش زیندانیکردنی سەرۆکی شارەوانی گەورەشاری ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلو، جەهەپە هەر هەفتەی لە شارێک گردبوونەوە ئەنجام دەدات. گردبوونەوەی ئەم هەفتەیە لە وان ئەنجامدرا و تێیدا سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل قسەی کرد.
ناڕەزایەتی دژی قەیوم
ئۆزەل ڕەخنەی گرت لە دانانی قەیوم لە وان، ڕایگەیاند ڕێز لە ئیرادەی گەل نەگیراوە. جەختی کردەوە، ئەم ڕەفتارە دوژمنایەتییە بەرامبەر ئیرادەی گەل و بەتایبەت دەنگدەرانی کورد. ئاماژەی بەوە کرد، بە دانانی قەیوم لە وان، زیان بە گەل گەیشتووە.
پرسی کورد هەیە و دەبێت لە پەرلەمان هەنگاوبنرێت
ئۆزگور ئۆزەل گوتی "پرسی کورد هەیە"، ڕایگەیاند کە چارەسەر بە دیموکراسی و یەکێتی دێتەدی. ئۆزگور ئۆزەل ئاماژەی بەوە کرد، نابێت نکۆڵی لە پرسی کورد بکرێت، دەبێت ئەم پرسە بە جدییەت و شەفافانە لە پەرلەمان و بە ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێت.
ئۆزەل دووپاتی کردەوە، پێویستە سیستەمی قەیوم کۆتایی بێت و زیندانیانی سیاسی ئازادبکرێن. جەختی کردەوە، پشتگیری لە تورکیایەکی بێ تیرۆر دەکەن و گوتی هەرکات بێنە سەر دەسەڵات، خوشک_برایەتیی ڕاستەقینەی نێوان گەلانی تورک و کورد بنیات دەنێن.