سەردانی مەراسیمی سەرەخۆشی شەهیدانی دێریک کرا
سەردانی مەراسیمی سەرەخۆشی شەهید شبلی شبلی و جوان موراد کرا کە لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دێریک شەهید بوون.
سەردانی مەراسیمی سەرەخۆشی شەهید شبلی شبلی و جوان موراد کرا کە لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دێریک شەهید بوون.
مەراسیمی سەرەخۆشی هەردوو شەهید لە لایەن مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شاری دێریک لە ناوەندی شەهید باوەری گەنجانی شۆڕشگێڕ بەڕێوەچوو. جگە لە دانیشتوانی شارەکە، دانیشتوانی شارۆچکەی گەرکی لەگی، چلاغا و کۆچەراتیش بەشداری مەراسیمەکە بوون.
مەراسیمەکە بە ڕێزگرتن دەستی پێکرد. پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی گەرکی لەگی حەزنا تەمۆ وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراو سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد وسڵاوی لە گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد، بەرامبەر ئەو فیداکارییەی بۆ پاراستنی شۆڕش ئەنجامیانداوە.
ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار فاتمە حاجی قسەی کرد و سەرنجی بۆ پێداگری گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ درێژەدان بە تێکۆشانی ئازادی و ئاشتی ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە تۆڵەی شەهیدان دەکەنەوە.
لە مەراسیمەکەدا، منداڵێک بە ناوی ئەحمەد شاهین کە لە بۆردومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر دێریک بریندار بوو، قسەی کرد و بە دوژمنانی گەلی هەرێمەکە گوتی: "ئەی دوژمن، هێرشەکانتان ئێمە ناترسێنن، ئێمە گەورە بین شەڕ دەکەین و تۆڵەی شەهیدەکانمان دەکەینەوە."
هاوسەرۆکی مەجلیسی ناوچەی گەرکی لەگی، فواد سەعید، سەرنجی بۆ جێی پیرۆزی شەهیدان لە دڵی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاکێشا.
بەناوی بنەماڵەی شەهید شبلی، سەعید شبلی و بەناوی بنەماڵەی شەهید جوان، شێرزاد محەمەد قسەیان کرد و بەڵێنی درێژەدانیان بە ڕێبازی شەهیدان دووپات کردەوە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا ناسنامەی شەهیدان بە دروشمی دڵسۆزی بۆ شەهیدان خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەیان کرا.