تەرمی فەرماندەی قەسەدە شبلی بە بەشداری هەزاران کەس بەخاک سپێردرا

تەرمی فەرماندەی قەسەدە شبلی شبلی کە ٢٧ ی تشرینی یەکەم لە ئەنجامی بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ماڵەکەی لە دێرک، شەهیدبوو، لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک بە بەشداری هەزاران کەس بەخاک سپێردرا.

تەرمی فەرماندەی قەسەدە شبلی شبلی کە ٢٧ ی تشرینی یەکەم لە ئەنجامی بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ماڵەکەی لە دێرک شەهید بوو، لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک بە بەشداری هەزاران کەس بەخاک سپێردرا. بە هەزاران خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەرێمی جەزیرە و پارتە سیاسیەکان و قەسەدە و مەجلیسەکان و ڕیش‌سپی عەشیرەتە کوردی و عەرەبی و سریانییەکان و دایکانی شەهیدان و تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان بەشداری مەراسیمەکەیان کرد.

لە مەراسیمەکەدا، بە بەشداری هەزاران کەس، وێنەی شەهید و درووشمەکان بەرزکرانەوە.

ئەندامی بەڕێوەبەری مەجلیسی ژنانی بنەماڵەی شەهیدانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، جەوهەر ئیبراهیم، گوتی: "بنەماڵەی شەهید شبلی نموونەی بنەماڵەی وڵاتپارێز کە سۆزی خۆیان بۆ پێکهێنانی ئامانجی شەهید نوێ کردۆتەوە".

پاشان ئاماژەی کرد بە گرنگی یەکگرتنی گەلان بەرامبەر هێرشەکانی قڕکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

ئەندامی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، مەحسوم دەروێشی، گوتی: "ئەردۆگان بەناوی ئایینی ئیسلامەوە بانگەواز دەکات، بەڵام دووڕووە، گەل و مناڵەکانمان کۆمەڵکوژ دەکات، با تەواوی جیهان بزانێت، ئێمەش خاوەن مافین و درێژە بە ڕێگەی شەهیدان دەدەین".

فەرماندەیەکی قەسەدە، خەردین خەرکی، ئاماژەی بەوە کرد، شەهید شبلی لە چەندین هەڵمەتی دژ بە چەتەکانی داعش و سوپای تورک و چەتەکانی بەشداربووە و چەند جار بریندار بووە.

دایکی شەهید شبلی، خانە سەعدون، سڵاوی لە بەشداران کرد و گوتی: "تا دوایی دڵسۆزدەبین بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. باجەکەی هەرچی بێت لە دەوری تێکۆشان و بەرخۆدانی شەهیدان کۆدەبینەوە".

پاشان ناسنامەی شەهیدان خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

تەرمی فەرماندەکەی قەسەدە بە درووشمی "شەهید نامرن" بەخاک سپێردرا.