تەرمی شەهید فاروق ئەلساڵح لە تەبقە بەخاک سپێردرا

لە تەبقە، تەرمی ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، فاروق ئەلساڵح کە لە ئەنجامی ڕووداوێکدا شەهید بوو، بە خاک سپێردرا.

دانیشتوانی تەبقە، نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، پارتە سیاسییەکان بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ فاروق محەمەد ئەلساڵح کرد. فاروق ئەلساڵح ڕۆژی ١ی تشرینی دووەم لە شاری ڕەقە لە ڕووداوێکدا شەهید بوو.

لە مەراسیمەکەدا هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان مەنسورە فۆزا ئەلمحەمەد قسەی کرد و وتی:"شەهیدان گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی گەل و وڵات بتوانن لە ئاسایشدا بژین".

فۆزا بەڵێنیدا هەتا کۆتایی درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدان دەبن.

ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕەقە، عەبدولحەکیم ئەلعومەری ڕایگەیاند: "لەم شوێنە پیرۆزە هەموو شەهیدانی ئازادی بەبیر دێنینەوە و بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێبازیان بەردەوام دەبین".

هاوسەرۆکی مەجلیسی ئیدارەی تەبقە مەزڵوم عومەر،  قسەی کرد و گوتی: "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەمیشە لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی ڕاوستان و شەڕیان کردووە، لە ناوخۆشیدا دژی کەسانێک کە هەوڵی هێرشکردنە سەر پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دەدەن و فیتنە بڵاودەکەنەوە، دەوستنەوە".

عومەر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بە هەموو جیهان ڕایدەگەیەنین هەتا دەگەینە ئامانجەکانی بنیاتنانی کۆمەڵگەی نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر بناغەی خوشک و برایەتی گەلان و پێکەوە ژیان، درێژە بە تێکۆشان و پڕۆژەکەمان دەدەین".

لە کۆتاییدا، هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی تەبقە، هیند خەلیل، ناسنامەی شەهیدی خوێندەوە و ڕادەستی بنەماڵەی کرد.