بە دیمەن

تەرمی شەهید ڕێزان سلێمان لە قامیشلۆ بەخاک سپێردرا

تەرمی شەهید ڕێزان بەهجەت سلێمان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ئەنجامی ڕووداوێکدا گیانی لەدەست دا، لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان بەخاک سپێردرا.

ئەمڕۆ تەرمی شەهید ڕێزان بەهجەت سلێمان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە ١٨ی شوبات لە کاتی ئەرکدا شەهید بوو، بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخانی شاری قامیشلۆ بەخاک سپێردرا.

لە مەراسیمەکەدا، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، عبدولکەریم ئەبدولڕەحیم، سەرەخۆشی ئاراستەی بنەمەماڵەی شەهید ڕێزان کرد و بەڵێنی بەردەوامی بە ڕێبازی شەهید دووپات کردەوە.

عەبدولکەریم ڕایگەیاند، شەهید ڕێزان ڕێبازی شەهید کامیران مامی خۆی ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵگرتبوو و وتی: "گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زۆر بەرخۆدێرن، ئەم گەلە سەلماندی کە عاشقی مردن نین، بەڵکو عاشقی ئاشتین، هیچ کەسێک ناتوانێت دۆزی ئەم گەلە لەناو ببات، دەبێت ئەم پرسە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و سیاسی چارەسەر ببێت."

هەرەوەها لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شێروان محەمەد لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد و بەڵێنیدا رێبازی شەهید بەرنادەن و ڕایگەیاند کە دەستکەوتەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ئەنجامی تێکۆشانی فیداییانەی شەهیدان بەدەست هاتووە.

هەروەها باوکی شەهید ڕێزان، بەهجەت سلێمان وتی: "شانازی بە شەهیدبوونی کوڕەکەمەوە دەکەم، شەهید ڕێزان نەک هەر شەهیدی بنەماڵەکەی، بەڵکوو شەهیدی هەموو گەلەکەمانە."

دوای وتارەکان، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ڕەڤین شێخمووس، ناسنامەی شەهیدی خوێندەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرد.

دواتر هەڤاڵانی شەهید بە وتنەوەی دروشم تەرمی شەهیدیان بە خاک سپارد.