ڕێکخراوەکانی چاند و هونەری ڕۆژئاوا پشتگیری لە هەڵمەتی ١٠ ی تشرینی یەکەم دەکەن

چەندین ڕێکخراوی چاند و هونەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایانگەیاند، ئەوانیش پشتگیری دەکەن لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد".

تەڤگەری هیلالی زێڕین، دەستەی چاند و هونەر، یەکێتیی هونەرمەندان، کۆمیتەی ڕۆشنبیر و ئەدیبان، تەڤگەر چاند و هونەری میزۆپۆتامیا، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، پشتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ هەڵمەتی نێونەتەوەیی لەپێناو ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە ١٠ ی تشرینی یەکەم لە ٧٤ شاری جیهان ڕاگەیاندرا.

هاوسەرۆکی تەڤگەری چاند و هونەری میزۆپۆتامیا، گوڵبەهار عومەر، ڕاگەیاندراوەکەی لەبەردەم ناوەندی چاند و هونەری محەمەد شێخۆ لە قامیشلۆ خوێندەوە. دەیان ئەندامی ڕێکخراوەکان و تەڤگەرە ناوبراوەکان بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە کرا بە ئاڵۆزی و قڕکردنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، وەک بەرئەنجامی سیاسەتی دەوڵەتانی هەژموونخواز نرخێندران. دووپاتکرایەوە، گەلی کورد و گەلانی جیهان ڕووبەڕووی قڕکردن بوونەتەوە، هۆشداری دەدەن، ئەگەر دەوڵەت-نەتەوە بمێنێت، ئاشتی لە هەرێمەکە پێک نایەت.  

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا دەستنیشان کرا، شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر بناغەی فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەموو گەل و پێکهاتە و ئیتنیک و ئایینێک دەگرێتەخۆ و بۆتە نموونەیەک بۆ سەراپای جیهان.

هەروەها ئاماژەکرا بۆ گرنگیی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوترا: "بێجگە فیکری نەتەوەی دیموکراتیک هیچ شتێک گەلانی هەرێمەکە ڕزگار ناکات".

پاشان بانگەواز لە هەمووان کرا، بەشداربن لە هەڵمەتی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

پاش ڕاگەیاندراوەکە، بەشدارانی چالاکییەکە ڕۆشتن بەرەو خێوەتی چالاکی لەبەردەم بینای کۆمیسەری کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارەکە.

چالاکوانان وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و درووشمی سڵاوکردن لە بەرخۆدانیان بەرزکردەوە.