وتەبێژی یەپەژە: بێگومان وەڵامی هێرشە تیرۆریستییەکان دەدەینەوە

وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ڕوکسەن محەمەد، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بە "هێرشی تیرۆر" ناوبرد، ڕایگەیاند، لەسەر بناغەی پاراستنی ڕەوا، وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە.

سوپای داگیرکەری تورک بە تایبەت لە ٥ ی تشرینی یەکەم و دواتر هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر کردووە و هێرش دەکاتە سەر ژێرخان و شوێنی خەڵکی سڤیل. لەم هێرشانەدا ١٥ کەس شەهیدبوون و ٨ سڤیل بریندار بوون.

وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ڕوکسەن محەمەد، پەیوەست بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

"بە نیازن قڕکردنی کوردان تەواو بکەن"

ڕوکسەن محەمەد گوتی: "هێرشەکان بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕۆژی پێنجشەممەوە بەردەوامە. زیاتر لە ٣٠ فڕۆکەی سیخوڕی و شەڕکەر هەیە. شوێنە مەدەنییەکان کرانە ئامانج، ژێرخانی هەرێمەکە، سەرچاوەی وزە، وێستگەکانی کارەبا، وێستگەکانی ئاو و نەوت و نەخۆشخانەکان کرانە ئامانج. ئەو ناوەندانەی خزمەت بە گەل دەکەن و دامەزراوە و ڕێکخراوە گرێدراوەکانی گەل بۆردومان کران. ئەم هێرشانە تاوانی جەنگن دژی مرۆڤایەتی".

هەروەها گوتی: "هێرشی دەوڵەتی تورک بە پاساوی چالاکییەکەی ئەنقەرە، پاساوێکی ڕاست نییە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هێرشی تیرۆریستییە. مێژووی دەوڵەتی تورک مێژووێکە لەسەر کۆمەڵکوژی و قڕکردن بنیات نراوە. درێژەپێدەری مێژووی خوێناویی عوسمانییە... ئامانجی سەرەکییان تەواوکردنی قڕکردنی کورد و لەناوبردنی گەلی کوردە".

"دەوڵەتی تورک بێچارە و لاوازە"

ڕوکسەن گوتی: "دەیەوێت پەیامێک بۆ گەلی تورکیا بنێرێت کە وەستاوە و بەهێزە و بە ئیرادەیە. بەڵام دەوڵەتی تورک بێچارەیی و لاوازی خۆی نیشان دەدات. بەم شێوەیە هەوڵی فریودانی گەلی تورکیا دەدات. بەم هێرشانە نەک تەنها ژێرخان و سەرچاوەی وزە دەکرێتە ئامانج، پێکهاتە جڤاکییەکان دەکرێنە ئامانج، مۆدێلی دیموکراسی ژیانی هاوبەشی گەل و ئیرادەی هاوبەشیان و خوشک و برایەتی گەلان و خۆبەڕێوەبەری دەکاتە ئامانج. چونکە لە فەرهەنگی دەوڵەتی تورکدا، لەبری چەمکی دیموکراسی، شەڕ و کۆمەڵکوژی و قڕکردن هەیە. هەر بۆیە هێرش دەکاتە سەر ئەو گەلەی کە پشتگیری لە دیموکراسی و یەکسانی و دادپەروەری و ئاشتی و برایەتی دەکەن".

"هێزە نێونەتەوەییەکان دەبنە هاوکاری تاوانی شەڕ"

هەروەها گوتی: " کردنەوەی بواری ئاسمانی بەڕووی دەوڵەتی تورکدا و چاوپۆشین لە هێرشەکان بە مانای هاوکاری لە هێرشەکاندا دێت. هاوپەیمانی و هێزەکانی ڕوسیا دەبێ هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدەن. چونکە گەلی هەرێمەکە ساڵانێکە دژی تیرۆری داعش شەڕ دەکەن. سەدان هەزار منداڵیان لە شەڕی تیرۆری داعش شەهید بوون. لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەڕێک بۆ هەموو مرۆڤایەتی کرا و هەموو مرۆڤایەتی پارێزرا. بەها ئەخلاقیەکانی مرۆڤایەتی پارێزران. هەموو هێزەکان دەڵێن ئێمە یاساکانی مافی مرۆڤ دەپارێزین، بەڵام ئەو یاسایانە لە هەرێمەکەدا پارێزراو بوون و گەلی هەرێمەکەش مافی مرۆڤیان پاراست. بۆیە پێویستە گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بپارێزرێن".

 "بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بەرخۆدان گەشتر دەبێت"

ڕوکسەن محەمەد، لە درێژەدا گوتی: "هەڵوێستێکی بەهێزمان دەبێت بەرامبەر بەم کۆمەڵکوژییە و بەرخۆدان گەشتر دەبێت. ئەو بەرخۆدانەی کە ژن، ژیان، ئازادی، ژیانی ئازاد، یەکسانی و دیموکراسی دروستی کردووە، بەردەوام دەبێت. هێز و ئیرادە و پاراستنی جەوهەری و جەختکردنەوەمان دەرئەنجامی فەلسەفەی ژیانمانە. هیچ هێز و هێرشێک ناتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی هەنگاوێک بۆ دواوە بنێین. ناتوانێت ئیرادە و هێزی ئێمە بشکێنێت. چونکە سەرچاوەی هێزمان بەرخۆدان و ئیرادەی گەلە. خاوەندارێتی لە میراتی هاوڕێیانی شەهیدمان دەبین و هەرگیز خوێنیان نافەوتێ. ئەم ئیرادە و پێداگرییە، تێکۆشانی ئێمە بۆ ژیان دەبێتە هۆی پەشیمانی دوژمن. گرنگ نییە هێرشەکان چەندە توندوتیژ بن، بە دڵنیاییەوە وەڵامیان دەدرێتەوە.

"پێویستە بەرخۆدانی گەل بگاتە هەموو گۆڕەپانێک"

گەلەکەمان لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکاندا ڕژانە گۆڕەپانەکان و جارێکی تر سەلماندیان خاوەنی ئەم دۆزە و خاک و میراتی شەهیدانن. پێویستە بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ هەموو گۆڕەپانەکان بگوازرێتەوە. ژنان و گەنجان خاوەندارێتی لە شۆڕشی ژن و گەلان بکەن. هێزە دیموکراتیکەکان و دۆستانی گەل چالاکتر بن و بەهێزتر خاوەندارێتی لە شۆڕش بکەن. دەبێت پێکەوە خاوەندارێتی لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەین".