ئارین و ڕێڤان، سەرچاوەی هێز وخۆشەویستی

ئارین و ڕێڤان، بوونە هێز و نموونەی ژیانێکی ئازاد دژی تاریکی کە دەیانەوێ ئازادی لەناو ببەن، بە چالاکیی فیدایی گیانی خۆیان فیداکرد و بوونە هاوڕێی ئەویندارانی ئازادی.

هەرچەندە زمان و بوون وناسنامەکەی لەلایەن کۆمەڵگەی دواکەوتووەوە بەشەرمەوە دەبینرا و بەسەریدا فەرزدەکرا، دیسان هەر توانی لە پێکهاتنی شۆڕشی ڕۆژاوادا هەستێتەوە. ئەم ژنە کوردە بووە پێشەنگی شۆڕش و بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و سیاسی و دیموکراتیک. ئەو بیرکردەوەیەی کە دەیویست هاواری بۆ ئازادی ببڕێت، پەنای بۆ هەر ڕێبازێک دەبرد شکستی هێنا، چونکە هاواری ئازادی لە تاریکی و بێدەنگییەوە کە لەوانەیە مێژوو نەفرەتی لێبکات بەرزتر و بەهێزتر بوو.

پاش دەستپێکردنی تەڤگەری ئازادی کوردستان، گەنجان پۆل پۆل لە چوار گۆشەی کوردستانەوە بە هاندان و ئەشقەوە روویانکردە ناو بە تێکۆشانی ئازادی و لە پێناو ئازادی ژنان، کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی بێ دوودڵی گیانی خۆیان بەخشی.  گەلی کورد لە بەرامبەر جینۆساید چاوەکانی کردەوە و ڕاپەڕی. ئەو ستەمکارانەی کوردستانیان داگیرکردووە دەیانویست ناسنامەی کوردیان لێ وەربگرن و کورد وەک بێگانە بهێڵنەوە. هەروەک چۆن کورد لە بەرامبەر دەوڵەتە ستەمکارەکان بەرگری لە کوردستان کرد، گەلانی سوریایش لە دژی ڕژێمی بەعس ڕێگای بەرخۆدانیان هەڵبژارد. شۆڕشێکە لەدژی دەسەڵات، بە ژنان و گەنجانەوە دەستی پێکرد، بوو بە تیشکێک و دەسەڵاتی ستەمکارانی هەڵوەشاندەوە و شۆڕشی بوژانەوەی بنیاتنا.

دوای دوو ساڵ کە لە شۆڕشی ڕۆژاوا تێپەڕیبوو، هێرش بۆ سەر دەستکەوتەکان دەستی پێکرد. جەبهەی نوسرە و جەیشی حوڕ و داعش، یەک چەمکن تەنیا ناویان جیاوازە. خەونی ئەوان بونیادنانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام بوو، بەڵام نەیاندەزانی شاگردانی ڕێبەر ئاپۆ بەڵێنی پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان داوە.

لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش دەستیان کرد بە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر تەواوی هەرێمەکە، لە ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵات و باشووری کۆبانێ و لە باکووریشەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشیان دەستپێکرد. ئەمە بۆ دەوڵەتی تورک دەرفەتێک بوو بۆ لەناوبردنی نەتەوەی کورد لە کۆبانێ، بەڵام دیسان سەرنەکەوتن.  پاش ئەوەی هێرشەکە گەیشتە کۆبانێ،  چالاکی فیدایی زۆر ئەنجامدرا و هەر ئەوە بووە سەرەتای شکستی داعش و خەونەکانیان. یەکێک لەو چالاکییانەی لە نێو کۆبانێ دا بووە داستان و ئەفسانە و لە لاپەڕەکانی مێژوودا بە پیتی زێڕین قارەمانییەتیان نووسرا، ڕێڤان و ئارینە.

دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی بەهاناچوونی بۆ کۆبانێ ڕاگەیاند، کچ وگەنجانی هەر چوار بەشی کوردستان بە جۆش و ئەشقەوە لەگەڵ گەریلاکانی ئازادی ڕوویان لە کۆبانێ کرد. لە نێو ئەو شارۆچکە بچووکەدا، قارەمانێتیەک دەستیپێکرد کە جیهانی تووشی سەرسووڕمان کرد. ئەڤین شاگردی ڕێبەر ئاپۆ و عاشقی ئازادی بوو. شەڕەکە گەیشتبووە گردی مشتەنوور، بۆ ئەوەی کۆبانێ تەسلیمی تاریکی نەبێت، چالاکی فیدایانە ئەنجامدرا. یەکێک لەوانە هەڤاڵ ڕێڤان ــە کە بەرامبەر داعش ڕاپەڕی و بۆمبی بەگیانی خۆیدا تەقاندەوە. ڕێڤان و ئارین ئەو ژنانەی پێشتر بە کۆیلە ناویان لێبراوە، زنجیرەکانیان پساندوو و بوون بە ئەفسانە.  ئیتر ژنان سەلماندیان کە دەتوانن هەر کارێکی  بکەن، تەنانەت دەتوانن کۆمەڵگایش بەڕێوە ببەن.

دەنگێکی تری هەلهەلەی بەرز هات، دیسان تەقینەوە بوو، هەموو شتێک بەرەو ئاسمان دەفڕێت، ڕۆحێک بەرەو ئاسمان دەفڕێت، ئەو ڕۆحە دەفڕێت، دەبێتە هەور بەسەر کۆبانێدا، دەبێتە خۆر لە بەفر و باران دەدات، چی قەوماوە و چی ڕوویداوە. ئەوە ئارینە کە لە بەرامبەر داعشی دڕندە ڕاپەڕیوە و بۆمبی بە گیانیدا تەقاندەوە. مشتەنور دەموچاوی ئارینی لە ئامێز گرت و وەک دایکێکی جەرگ سووتاو لانکەی بۆ دڵی خۆی گرتەوە.  مشتەنور بە دەستی بە قژەکانی ئارینیشی گرت و فریشتەکان لێرەدا سەریان سوڕماوە. ئەو تەقینەوەیە بووە ژیان بۆ نەتەوەێک، ئەو تەقینەوەیە ژیانێکی نوێ و لەدایک بوونێکی نوێی بە کۆبانێ بەخشی.

٥ی تشرینی یەکەم ڕۆژی لەدایک بوون و یەکەم شکستی داعشە، ئەو تەقینەوەیە میراتی هەزاران ساڵەی لەگەڵ خۆیدا هێنا، ئەفسانە و داستان و چیرۆک و هەزاران هەڵبەستی لەسەر نووسرا. بە هەزاران کچ ڕاپەڕین و ناوی ئارینیان لەخۆیان نایەوە و ئارین بوو بە نموونەی تێکوشان و فیدایی بوون و بەرخوەدان و ئازادی بۆ ژنانی کورد.  تەنانەت دوای ئارینیش هێرشەکان بۆ سەر دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژاوا و بەتایبەت شۆڕشی ژنان زیاتر بوون. شەهید دەستینا، ئاڤێستا، بارین و هەزاران ژن کە لە پێناو ئازادیدا تیدەکۆشیان، گیانیان فیداکرد.بە سایەی سەری ئارین و هاوڕیەکانی دروشمی 'ژن،ژیان،ئازادی' بووەتە دروشمێکی جیهانی.

ئه مڕۆ ژنی کورد مایەی هێز و ئیرادەیە بۆ ژنان له هه موو جیهان، به درێژایی هه زاران ساڵ ڕێگای ئازادی له تاریکی و کۆیلایەتی و وەرچەرخانی فکرییەوە کردەوە.  بەمشێوە ژنی کورد بۆتە هێمای ژنانی ئازادی جیهان. هەروەهادروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بۆتە یەکێک لەو دروشمانەی کە هەموو ژنانی جیهان خۆیان تێدا دەبیننەوە.