لە هەرێمی شەهبای باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە پێشەنگایەتی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم خێمەی شەرمەزارکردن دانران و نوێنەرانی دامودەزگا و ئەنجومەنەکان لەگەڵ دانیشتوانی هەرێمەکە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.
یەک لە بەشداربووانی چالاکیەکە فاتمە لەکتۆ ئەندامی ئەنجومەنی یاساناسان رایگەیاند کە خەڵکی عەفرین و شەهبا لە رێگەی ئەم چالاکیەوە لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەنگ هەڵدەبڕن و پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی شەڕمەزار دەکەن.
فاتمە لەکتۆ ئەوەشی خستەڕوو کە لە رێگەی بەدیلگرتنی عەبدوڵا ئۆجالان ناتوانن گەل و رێبەرایەتی لەیەک داببڕێنن و وتی، "هێڵی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بەردەوامە".
لاکتۆ هەروەها هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد و رایگەیاند، گەلی ئازادیخواز هەرگیز بەم هێرشانە لەناو ناچێت.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار ئەمەل ئیسماعیلیش پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم کە لە بەرامبەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا لە ساڵیادی ٢٥ەمینیدا شەرمەزار کرد و وتی، "پیلانگێڕیی تائێستاش بەردەوامە. گۆشەگیری ئێستا نەک هەر لە سەر رێبەر ئاپۆ، بەڵکوو لە بەرامبەر سەرجەم گەلە. ئازادی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، دەبێتە هۆی چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".