ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشەکانی تورکی شەرمەزار کرد

ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆ سەر ئۆتۆمبێڵێکی هاوڵاتیانی مەدەنی لەسەر رێگەی قامشلۆ – عامودێ شەرمەزار کرد.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر ڕێگەی قامشلۆ – عامودێ لە رۆژهەڵاتی سەیرانگەی ڤارۆژ ئۆتۆمبێڵێکی هاوڵاتیانی مەدەنی بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا ٤ کەس بریندار بوون.

ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی شەرمەزار کرد.

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکراوە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوژمنایەتی گەلان دەکات و بە تایبەتی لەدژی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشی دوژمنانە ئەنجام دەدات. نمونەی دیاری ئەوەش هێرشی ئەمڕۆیە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لەسەر ڕیگەی قامشلۆ – عامودێ کە لە ئەنجامدا ٤ هاوڵاتی مەدەنی  بریندار بوون کە ٣ کەسیان ژنن.

بۆیەش ئێمە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە شێوەیەکی دڕندانە، شەرمەزار دەکەین و دەڵێین کە تورکیا بەم هێرشانە دەیەوێت ژیانی هاوبەش و ئارامی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێک بدات.

لە هەمانکاتدا بانگەوازیمان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە لە بەرانبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ نەبێت و سنورێکی بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دابنێن بۆئەوەی یاسا نێودەوڵەتیەکان پێشێل نەکات.

لە کۆتاییدا بانگمان بۆ گەلەکەمان ئەوەیە کە یەکگرتوو بن و یەکێتی خۆیان بپارێزن، بە تایبەتی پێویستە رێکخراوە مرۆییەکان و ژنان فشار لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بکەن و ئاماژە بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بدەن."

ف.ق