یەپەگە: بە رۆحی رۆژی جیهانی کۆبانێ خاوەنداری لە شۆڕشی رۆژئاوا دەکەین
یەپەگە رایگەیاند، دەستکەوتەکانی شۆڕشی رۆژئاوا هەمیشەیی دەکەن و لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر داوای کرد بە رۆحی بەرخودانی کۆبانێ خاوەنداری لە شۆڕشی رۆژئاوا بکرێت.
یەپەگە رایگەیاند، دەستکەوتەکانی شۆڕشی رۆژئاوا هەمیشەیی دەکەن و لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر داوای کرد بە رۆحی بەرخودانی کۆبانێ خاوەنداری لە شۆڕشی رۆژئاوا بکرێت.
فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە بۆنەی ١ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی کۆبانێ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە لەم رۆژە گرنگ و واتادارەدا، بە بۆنەی ساڵیادی ١ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی کۆبانێ، ئەو قارەمانانەی بە گیانبازی و فیداکارییەوە بەرخودانی کۆبانێیان بە جیهان ناساند، ئارین میرکانەکان، رێڤانەکان، گەلهاتەکان، پاراماز کزلباشەکان، هەردەمان و خۆڕاگرانی مەکتەبی سەرزۆریان بە رێزەوە بە بیردەهێنینەوە؛ ئێمە قەرزارباری ئەو کەسانەین کە بە بەرخودانی خۆیان بە دەوری کۆبانێوە بوونە بازنەیەک، لەگەڵ شەڕڤانانی ئازادی یەکیان گرت و ئەقڵیەتی داعشیان شکستدا".
درێژەی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
"داعش کە لەم سەدەیەدا ببووە گەرەترین مەترسی بۆ مرۆڤایەتی، بە پشتیوانی هێزە نێونەتەوەیی و هەرێمایەتیەکان بە تایبەتیش دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، دڕندەیی، کۆمەڵکوژی و ئەو جینۆسایدانەی کە ناگێڕدرێنەوە، ویستیان هیوا، خەون، جوانیەکانی ژیانی مرۆڤایەتی لەناوببەن. ئەو سەرکەوتنە لە ئەنجامی بەرخودانی ١٣٤ رۆژە بە پێشەنگایەتی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە لە کۆبانێ ٩ ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی داعش کە کەس نەیوێرابوو لە دژی شەڕ بکات، بە دەستهێنرا، وەک راستی ئەو کەسانەی کە ستەم و زۆرداری، کۆیلایەتی و دیلبوون قەبوڵ ناکەن و عەوداڵ و تامەزرۆی ئازادین، چووە ناو لاپەڕەکانی مێژووەوە. مرۆڤایەتی کە شایەتی بەرخودانی یەپەگە و یەپەژە بوو، لە بەرامبەر دواکەوتوویی داعش شان بە شانی شەڕڤانانی ئازادی و شکۆمەندی وەستایەوە. بە یەکگرتنی گەلان و خاوەنداری لە کۆبانێ نەک هەر کۆبانێ رزگاربوو، بەڵکوو مرۆڤایەتی جارێکی دیکە هیوای ژیانی بۆ زیندووبووەوە، روناکی بەسەر تاریکیدا سەرکەوت. کۆبانێ بۆ ئەقڵیەتی تاریکی داعش بووە گۆڕستان و لە باخۆز دوا بەرد لەسەر گۆڕەکەی دانرا".
فەرماندەیی گشتیی یەپەگە رایگەیاند لەم کاتەدا کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە کە نوێنەرایەتی داعش دەکات، بەهەموو توانایەوە لەپێناو لەناوبردنی شۆرشی رۆژئاوا کە میراتی هاوبەشی مرۆڤایەتیە، کەوتووەتە جموجۆڵەوە.
لە راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی یەپەگەدا هاتووە: "سەرباری ئەوەی هێشتا مەترسی داعش کۆتایی نەهاتووە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نەک هەر بۆ هەرێمەکەمان، بۆ جیهانیش مەتریسدارە. هێزە نێونەتەوەییەکان بەهۆی بەرژەوەندی خۆیانەوە لەبەرامبەر هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگن. بەرلەوەی داعش سەرلەنەوێ زیندووبێتەوە، دەبێت ئەو مرۆڤایەتیەی کە ٩ ساڵ بەر لەئێستا لە کۆبانێ لەپێناو بەها مرۆڤایەتیەکاندا کەوتە ئامادەباشیەوە، ئەمە جارەش ئامێز بۆ شۆڕشی رۆژئاوا بکاتەوە کە شۆڕشی خۆیەتی و لە دژی ئەقڵیەتی تاریکی دەوڵەتی تورک، هەڵوێست بگرێتەبەر. ئێمە وەک هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بە بۆنەی ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ، ئەو بەڵێنەی بە شەهیدان و گەلەکەمان داوە دووپات دەکەینەوە کە ئێمە شۆڕشی رۆژئاوا لە بەرامبەر هەموو جۆرە فاشیزم و دواکەوتووییەک دەپارێزین و دەستکەوتەکانی شۆڕشی رۆژئاوا هەمیشەیی دەکەین".
هـ . ب