یەپەگە ناسنامەی ٢ شەهیدی ئاشکرا کرد

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، ناسنامەی باهۆز حەلەڤ و مەتین ئەلقەلعەی ئاشکرا کرد کە لە دەیرەزۆر شەهید بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە، پەیوەست بەم مژارە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی یەپەگە بەم جۆرەیە:

"تێکۆشانمان دژی داگیرکەران لە هەموو هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە پێداگرییەکی مەزنەوە بێ پسانەوە بەردەوامە. بەتایبەت لە دژی شانە نهێنییەکانی داعش ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدرێت و ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنانە ڕێگە لە هێرشە چاوەڕوانکراوەکان دەگرێت. لەم چوارچێوەیەدا، لە ڕۆژی ١٢ ی تشرینی یەکەم لە دەیرەزۆر دژی شانەیەکی داعش، ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدرا، ڕێ‌هەڤاڵمان مەتین بە سەختی بریندار بوو. ڕێهەڤاڵمان پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، لە ١٦ ی تشرینی یەکەم، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، شەهید بوو.

ڕێ‌هەڤاڵمان باهۆز کە لە هەرێمی دەیرەزۆر کار و خەباتی دەکرد، لە ١٥ی تشرینی یەکەم لە کاتی ئامادەکاری ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شانەیەکی چەتەکانی داعش لە ڕووداوێکدا شەهید بوو.

ڕێ‌هەڤاڵمان باهۆز لە شاری حەلەب لەدایک بووە و منداڵی بنەماڵەیەکی کوردپەروەرە کە بە کولتوورێکی وڵاتپارێزی پەروەردە بووە. لە ساڵی ٢٠١٣ لە شاری حەلەب، پەیوەندی بە ڕیزەکانمانەوە کردووە و بە سەرکەوتوویی مەشق و ڕاهێنانەکانی وەک شەڕڤانێکی نوێ لە عەفرین تەواو کردووە. لە ئۆپەراسیۆنەکانی عەفرین و شەهبا و دەیرەزۆر لە دژی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک وەک داعش و نوسرە بریندار بوو و دوای چارەسەریش گەڕایەوە سەر کارەکەی. نەک هەر دژی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک، بەڵکو دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیش بۆ سەر ڕۆژئاوا لە ڕیزەکانی پێشەوەی شەڕ بوو.

ڕێ‌هەڤاڵمان مەتین ئەلقەلعە، ڕێ‌هەڤاڵێکی عەرەبە و لە شاری تەل کۆچەر لەدایک بووە. داعش دەیویست لە هەرێمەکەدا فیکرەکانی خۆی کە دژی بەهاکانی ئیسلامە لەنێو گەلی عەرەبماندا بڵاوبکاتەوە، بەڵام ڕێ‌هەڤاڵ مەتین دژی فیکری تاریکی داعش هاتە ڕیزەکانمانەوە و وەڵامێکی پێویست و هەڵوێستێکی واتاداری پیشاندا. ئەو دەمەی یەپەگە لە ساڵی ٢٠١٥ دەستی بە ڕزگارکردنی گەلی عەرەبمان کرد، بە تایبەت ئەوانەی لە دەستی داعش بوون، ڕێ‌هەڤاڵمان مەتین بە پەیوەندیکردنی بە ڕیزەکانمانەوە بووە پردێک لەنێوان گەلی عەرەب-کورد و گەلانی دیکەی هەرێمەکە. ڕێ‌هەڤاڵمان مەتین دوای وەرگرتنی پەروەردەی ئەکادیمی، لەو بەرانەی تێکۆشانی چالاک دژی داعش بەڕێوەدەچوون، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕەقە، دەیرەزۆر، مەرگەدە و دەشیشە کرد. هەڤاڵمان مەتین، بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت لە دەیرەزۆر دووبارە خۆی کۆبکاتەوە و هێزی پێشووی بەدەست بهێنێتەوە، بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە زۆرینەی ئۆپەراسیۆنەکانماندا کرد، لە دوایین ئۆپەراسیۆندا پاش شەڕێکی قارەمانانە شەهید بوو.

ئێمە وەک یەپەگە لە کەسێتی هاوڕێیانمان باهۆز و مەتین، بە ڕێز و سوپاسەوە هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان یاد دەکەینەوە، بەڵێن دووپات دەکەینەوە، بە پێداگرییەوە تێدەکۆشین تا ئەوکاتەی چەتە و داگیرکەرێک لەسەر خاکەکەمان نامێنێتەوە. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هێژای هەڤاڵانمان باهۆز و مەتین گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین.

ناسنامەی شەهیدەکان وەهایە:

ناسناو: باهۆز حەلەب

ناو و پاشناو: بەشار بەکر

ناوی دایک: وەسفی

ناوی باوک: محەمەد

شوێن و کاتی شەهیدبوون: دەیرەزۆر/١٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣

* * *

ناسناو: مەتین ئەلقەلعە

ناو و پاشناو: سلێمان ئەلئەحمەد

ناوی دایک: عەنود

ناوی باوک: ئەحمەد

شوێن و کاتی شەهیدبوون: دەیرەزۆر/١٦ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣