یەپەگە ناسنامەی فەرماندەیەکی خۆی ئاشکرا کرد

یەپەگە بە راگەیەندراوێک ناسنامەی یەک لە فەرماندەکانی خۆی بە ناوی شەرڤان حەڵەب ئاشکرا کرد کە ١٠ی کانونی دووەم بە هۆی وەستانی دڵیەوە، شەهیدبووە.

فەرماندەیی گشتیی یەپەگە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە شەڕڤان حەڵەب یەک لە فەرماندەکانیان، بە هۆی وەستانی دڵیەوە ١٠ی کانونی دووەم شەهید بووە.

لە وبارەوە لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "رۆڵەی قارەمانی عەفرین، شەڕڤانی گەلەکەی و فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هاوڕێمان شەڕڤان حەڵەب لە ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤دا لە ئەنجامی وەستانی دڵ گەیشتووەتە کاروانی شەهیدان. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی وڵاتپارێزی فەرماندەکەمان، سەرجەم گەلی حەڵەب و گەلی رۆژئاوا دەکەین. سەری گەلە وڵاتپارێزەکەمان و سەری سەرجەم شەڕڤانانمان لە بەرەکانی شەڕ ساخ بێت.

شەڕڤانی رەنج و پێشەنگی جەنگە قورسەکان، ٣١ ساڵ بە بێ وچان لە چیای کورمێنجەوە تا چیای دێرسیم لە هەموو گۆڕەپانەکان بە بڕوایەکی پتەو، گیانبازی بەرز و بە ئیرادەی بەهێزەوە لە پێناو دۆزی گەلەکەیدا تێکۆشانی دژواری بەڕێوەبرد. وەک هاوڕێیانی بەڵێن دەدەین کە یادی هاوڕێ شەڕڤان هەموو کات بە زیندوویی رابگرین و بە دڵنیاییەوە خەون و ئاواتەکانی کە لە پێناویدا تەمەنی خۆی تەرخان کرد، بە سەرکەوتن تاجدار بکەین.

هەڤاڵ شەڕڤان کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە بەشداری ریزەکانی بزوتنەوەی ئازادی کوردستانی کرد و دوای ئەوەی لە ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز لە گۆڕەپانی رێبەر ئاپۆ ئەلفوبێی ئازادی فێربوو، رووی کردە چیاکانی کوردستان. لە بۆتانەوە تاچیای چەولیک و دێرسیم لە دژوارترین گۆڕەپانەکانی جەنگدا بەشداری کرد، سەرباری ئەوەی لە قاچیەوە برینداربوو، بەڵام لەسەر پێداگری خۆی بەردەوام لە بەرەکانی پێشی پێشەوە بوو، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان رووی کردە هەوارگەی شۆڕش و لە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی یەکینەکانی پاراستنی گەلدا رۆڵی گەورەی گێڕا. لە شەڕی حەڵەبدا بە رەنج و گیانبازییەوە پێشەنگایەتی کرد و گەلی حەڵەب بە رۆحی سەفەربەری لە سەر رێچکەی فەرماندەکەیان شەڕیان کرد و خۆڕاگرییان کرد و بەم جۆرە راستی گەلی شەڕکەر لە حەڵەب بە پێشەنگایەتی شەڕڤانان هاتەئاراوە.

فەرماندە شەڕڤان بووە یەک لە فەرماندە پێشەنگەکانی رزگارکردنی دێرەزور لە ساڵی ٢٠١٨ و رووی کردە ئەو شارە و گەلی دێرەزور و بەدەیان ژنی ئێزدی لە دەست چەتەکانی داعش رزگارکرد. فەرماندە شەڕڤان و هاوڕێیانی لە باغۆزی دێرەزورەوە مزگێنی کۆتاییهاتنی داعشیان بە تەواوی مرۆڤایەتی گەیاند.

ناسنامەی شەهید شەڕڤان حەڵەب بەم جۆرەیە:

ناسناو: شەڕڤان حەڵەب

ناو و پاشناو: حەسەن بەکر

ناوی دایک: نەبیە

ناوی باوک: محەمەد

شوێن و کاتی شەهیدبوون: حەسەکە ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤

هـ . ب