یەپەگە ناسنامەی شەهیدێکی ئاشکرا کرد

یەپەگە ڕایگەیاند، شەڕڤانێکیان بە ناوی دڵبرین ئامەد (حەمدوڵا تۆپراک) لە ٢٥ی تشرینی یەکەم بەهۆی ڕووداوێکەوە شەهید بووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا ڕایگەیاند، شەڕڤانێکیان بەناوی دڵبرین ئامەد (حەمدوڵا تۆپراک) لە ٢٥ی تشرینی یەکەمدا لە هەرێمی شەدادی لە ڕووداوێکدا شەهید بووە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە:

"هاوڕێمان دڵبرین ئامەد لە ئەنجامی ڕووداوێکدا لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە دەڤەری شەدادی بەهۆی ڕووداوێکەوە شەهید بوو".

گەلی ئامەد بە وڵاتپارێزی و بەرخۆدانی خۆیان ناسراون، سەرەڕای ئەوەی ساڵانێک ڕووبەڕووی دڕندەیی و کۆمەڵکوژی دوژمن بوونەتەوە، لە کەرامەت و ناسنامەی بەرخۆدانیان سازشیان نەکرد. گەلی هێژای ئامەد بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە ئامادەن هەر باجێک بدەن، هەر بۆیە هەمیشە لەگەڵ تەڤگەری ئازادی ڕۆڵی پێشەنگیان لەئەستۆ گرتووە. لەدژی هێرشی فاشیست و ستەمکار، بە پەرەپێدانی چاندی کوردایەتی وەڵامیان داوەتەوە. گەلی ئامەد ڕۆڵەکانیان بە چاندی وڵاتپارێزی پەروەردە کرد و لە پێناوی ئازادیدا فیدای کردن.

یەکێک لە ڕۆڵەکانی ئامەد لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لەدایک بووە و چاندی بەرخۆدانی لەوێ ناسیوە، هاوڕێمان دڵبرین، لە تەمەنی گەنجیدا هێرشەکانی دوژمنی بۆ سەر گەلەکەی لە نزیکەوە بینی. هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر گەلی کورد نەتەنیا جەستەیی، بەڵکو لە ڕووی دەروونی و ئاسمیلەکردنەوە لە بەرزترین ئاستیدا بوون. هێرشەکانی دوژمن لە سەر گەل بیرکردنەوەیەکی دروست کرد و بڕیاریدا بە تێکۆشانێکی ڕاستەقینە وەڵامی دوژمنی فاشیست بداتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٨ بەشداری تەڤگەری ئازادی کوردستان بوو. ساڵانێکی دوور و درێژ لە زۆر بواردا تێکۆشانی کرد. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک زیاتر ڕووی گڵاوی خۆی نیشاندا و لە هەوڵی شکستپێهێنانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو. ساڵی ٢٠١٤ هەم بۆ کورد و بۆ مرۆڤایەتی ساڵێکی گرنگ وەک مان و نەمان بوو. چونکە داعش کە زۆرێک لە دەوڵەت و ڕێکخراوەکانی ترساندبوو و لە جیهاندا دژی مرۆڤایەتی خۆی دەرخستبوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ویستی سوودیان لێ وەربگرێت و بەپێی بەرژەوەندییەکانی بەکاریان بهێنێت. گونجاوترین کەڵک وەرگرتن لە داعش بۆ لەناوبردنی کوردانی ڕۆژئاوا و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو. بەو بۆنەوە گەلی کورد و لایەنگرانی مرۆڤایەتی، ڕوویان کردە ڕۆژئاوا. هاوڕێ دڵبرین یەکێکە لەو کەسانەی کە سنوورەکانی شکاند و هاتە ڕۆژئاوا. هەڤاڵ دڵبرین کە قەد ملی بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک دانەنواندووە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەتا داعش لە گوندی باهۆز لە دێرەزۆر تێکشکێنرا چالاکانە تێکۆشانی دژی چەتەکانی داگیرکەر بەڕێوەبرد. لە کاتی کۆمەڵکوژی گەلی شنگاڵدا لە ڕەبیعە دژی چەتەکان شەڕی کرد بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بکەنەوە هەتا بگەنە هاواری گەلی ئێزدیمان. پاش ڕزگارکردنی کۆبانێ لە ساڵی 2015، هەڵمەتەکانی ڕزگاری لە دژی داعش دەستیپێکرد. هەڤاڵ دڵبرین هەروەها له هەڵمەتەکانی شەهید ڕوبار قامیشلۆ له ساڵی 2015 و ئازادکردنی ڕەققه له ساڵی 2017 و دواجار له دێرەزۆر به کۆتایی هێنانی داعش له سەرزەوی بەشداری چالاکانەی کرد. هەڤاڵ دڵبرین لە هەموو چالاکییە شۆڕشگێڕانەکانیدا بە هەستی وڵاتپارێزییەوە تێکۆشانی بەڕێوەبرد. لەدژوارترین سەردەمی گەلەکەماندا پاشەکشەی نەکرد و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرت. بە سەرکەوتوویی ئەرکەکانی ئەو سەردەمەی جێبەجێ کرد. هاوڕێمان دڵبرین بە تایبەتمەندییە خاکەڕاییەکەی، خۆنەویستی و ورە بەخشی لەناو هەڤاڵانی ناسرابوو، بەهۆی ئەوەشەوە خۆشەویست و ڕێزی هەڤاڵانی هەبوو. تا ساتی شەهیدبوونی، تەواوی ژیانی بۆ خزمەتکردنی گەل دانابوو.

سەرەتا سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هێژای هەڤاڵ دڵبرین و گەلی بەرخۆدەری ئامەد و هەموو گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین. وەک هەڤاڵانی ڕێی دڵبرین و لە کەسایەتی ئەودا بە ڕێزداریەوە هەموو شەهیدانی شۆڕش یاد دەکەینەوە و جارێکی تر بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە کە خەونی شەهیدان و گەلەکەمان بەجێدەهێنین.

ناسنامەی شەهید بەم شێوەیە؛

ناسناو: دڵبرین ئامەد

ناو و پاشناو: حەمدوڵا تۆپراک

ناوی دایک: سەلیمە

ناوی باوک: مەحەمەد ساڵح

شوێنی لەدایک بوون: ئامەد

شوێن و ڕۆژی شەهیدبوون: شەدادی/ ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣