ئیدارەی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەربارەی ڕێکەوتن لە نێوان هێزەکانی سووریا دیموکراتیک و دەسەڵاتی دیمەشقدا لە ١٠ی ئادار ئەنجام درا، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئاماژەی بەوەکراوە ئەو ڕێکەوتنەی لە نێوان ئەحمەد شەرع و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک مەزڵوم عەبدی واژۆکراوە، ڕێکەوتنێکی زۆر گرنگ و مێژووییە، لەم قۆناغە هەستار و ئاڵۆزە کە سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە پێیدا تێپەڕ دەبێت و گوترا: "جەختدەکەینەوە ئەم ڕێکەوتنە و بڕگەکانی پشتڕاست دەکەینەوە، تاکە بژاردەیە پرسەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن. لە هەمانکاتدا هەڵوێستی هەمیشەییمان بۆ پاراستنی یەکێتی خاکی سووریا و پێکهاتە کۆمەڵگەییەکان دەردەبڕین. وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک پێشتر بە ڕۆحی بەرپرسیارێتی پێشەنگایەتی ئەم پڕۆسەیە دەکەین".
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە یەکەم ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختمان لەسەر گرنگی ڕێکەوتن لە نیوان هێزە جیاوازە نیشتیمانییەکانی سووریا و دەستپێکردنی دیالۆگی نیشتیمانی کرد، تاوەکو ببێت بە بناغەی چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی سووریا و بونیاتنانی سووریایەکی یەکگرتوو و دیموکراتیک".
هەروەها لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا پیرۆزبای لە گەل کراوە بەهۆی ئەوەی ئەم هەنگاوە وەک سەرکەوتنێک بۆ تەواوی گەلانی سووریا بینراوە و بوو بە رێگری لە پێش هەموو ئەو کەسانەی کە هەوڵی لەناوبردنی ئەو سەرکەوتنانە دەدەن کە گەلەکەمان بەدەستیهێناوە، ئاڵۆزی و دابەشبوونی نێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریا تێک دەدەن.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراەکەدا ئاماژەش بەمکراوە ڕژێمی پێشوو ساڵی ٢٠٠٤ نەیتوانی پەیوەندییە مێژووییەکەی نێوان گەلانی هەرێمەکە بە تایبەت کورد و عەرەب تێکد بدات و بەمجۆرە بەردەوامبوو: "دوای ئەوە گەلەکەمان لە دژی زوڵم ڕاپەڕی. چی لە دەستمان بێت بۆ پاراستنی یەکێتی گەلەکەمان و دەستەکەوتەکانمان دەکەین. بەم بۆنەیەوە شەهیدانی ڕاپەڕینی قامیشلۆ بە بیر دێنینەوە. ئەم ڕێکەوتنە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ بەدی هێنانی هیوا و داواکارییەکان. ئەم ڕێکەوتنە بگاتە ئامانجەکانی خۆی، ئاشتی لە هەرێمەکە بە دی دەهێنێت".