ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری: ئیرادە و پێداگری گەلانی هەرێمەکە رێگەیە بەرەو سەرکەوتن
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رایگەیاند، کە دەوڵەتی تورک خزمەت بە تیرۆر دەکات و ئەوەشی خستەڕوو، "ئیرادە و پێداگری گەلانی هەرێمەکە تاکە رێگەیە بەرەو سەرکەوتن".
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رایگەیاند، کە دەوڵەتی تورک خزمەت بە تیرۆر دەکات و ئەوەشی خستەڕوو، "ئیرادە و پێداگری گەلانی هەرێمەکە تاکە رێگەیە بەرەو سەرکەوتن".
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە هێرشەکانی درەنگانی شەوی رابردووی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە بەم جۆرەیە:
"دەوڵەتی تورکی داگیرکەر سیاسەتی تاوانکارانەی خۆی لە دژی هەرێمەکانمان درێژە پێدەدات، ناوەندە خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکاتە ئامانج. دەوڵەتی تورک درەنگانی شەو هەرێمەکانی تربەسپی، رمێلان، دێرک و چلئاغای بۆردومان کرد. ئامانجی ئەو هێرشانە دیارە کە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمەکە و دروستکردنی مەترسی راستەقینە لە سەر هەوڵەکانی تێکۆشان لە دژی تیرۆر و رێگریکردنە لە چارەسەری، کە هەلومەرجەکانی لە هەرێمەکە زەمینەسازییان بۆ دەکرێت.
هێرشەکە درێژکراوەی جینۆساید، کۆچبەرکردنی دانیشتوان و چۆڵکردنی هەرێمەکەیە. ئەوە سیاسەتێکی چەپەڵە، دەبێت هۆشداری بەرامبەر بەوە و مەترسیەکانی بدرێت. رایدەگەیەنین کە دەبێت ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمەکانمان رابگیرێن. هەروەها جەختدەکەینەوە، کە ئامانجی ئەو هێرشانە دروستکردنی مەترسیە بۆ سەر تەواوی هەرێمەکە و خزمەتێکی بێ بەرامبەرە بە گەڕانەوەی تیرۆر، هاوکات هەوڵێکە بۆ نانەوەی ناکۆکی ئیتنیکی کە تورکیا تا ئەم ساتەش نەیتوانیوە بینێتەوە. تورکیا بە ئاشکرا دەیەوێت سود لەو رووداوانە وەربگرێت کە لە ناوچەکە روودەدەن و پیلانەکانی لە دژی گەلەکەمان جێبەجێ دەکات. جیالەوە دەیەوێت گەلی تورک چەواشە بکات و سەرنجیان لەسەر شکستەکانی خۆی بەلاڕێداببات.
ئێمە داوا لە سەرجەم هێزە چالاکەکانی سوریا دەکەین کە مەترسی ئەو هێرشە ناڕەوایانە و لێکەوتە نەرێنیەکانی لەسەر هەوڵەکانی چەسپاندنی سەماقگیری لە هەرێمەکە درک پێبکەن. ئەو هێرشانە هەروەها هەڕەشەن بۆ سەر خەبات و هەوڵەکانی رێکخستنی کۆمەڵایەتی و دۆزینەوەی چارەسەری دیموکراتیک لە هەرێمەکانمان و هەوڵەکانی لەناوبردن و بنەبڕکردنی تیرۆر و بیرکردنەوە توندڕەویی. دەبێت رێکخراوەکانی بوار ماف و رێکخراوە مرۆییەکان ئەرکەکانیان راپەڕێنن و بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبگەیەنن لەپێناو رێگریی لە هێرشانە.
متمانەمان بە گەلەکەمان هەیە کە ئامانجەکانی هێرشەکانی دوژمن و سیاسەتە دوژمنکارانەکان لە دژی هەرێمەکە بناسن. ئێمە داوا دەکەین کە خاوەنداری لە دامەزراوەکانی خۆیان، پاراستن و خۆپاراستن بکەن. بۆ پارێزگاری و سەرخستنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و خوشک و برایەتی گەلان، ژیانی هاوبەش، ئەرکەکانیان بەجێبگەیەنن. پرۆژەی گەلەکەمان، ئیرادە و پێداگرییەکەی رێگەیە بەرەو سەرکەوتن و پوچەڵکردنەوە سەرجەم پرۆژەکانی جینۆساید".
هـ . ب