ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر بەنداوی تشرین ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە:
" دەوڵەتی داگیرکەری تورک دیسانەوە کۆبوونەوەی خەڵکی سڤیلی لە بەنداوی تشرین کردە ئامانج. ئەم هاووڵاتییە سڤیلانە بۆ پشتیوانی لە ڕۆڵەکانیان لە بەرامبەر هێرشی چەتەکان و دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆ سەر پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین، ئێشکگری دەگرن. لەم هێرشە ڕاستەوخۆیەدا بۆ سەر خەڵکی سڤیل، ٤ کەس شەهید بوون و ١٥ کەسیش بریندار بوون.
لەگەڵ بێدەنگیی هێزە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوانێکی دیکەی جەنگ بۆ تۆماری تاوانکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک زیاد دەکرێت. ئەم بێدەنگییە هانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەدات بۆ ئەنجامدانی تاوانی زیاتر دژی گەلەکەمان و هەرێمە ئارامەکانمان.
دووپاتی دەکەینەوە، ئەم تاوانانە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە، هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە سوریا دەکەنە ئامانج و ئامانجیان دروستکردنی بۆشاییە بۆ گەڕانەوەی تیرۆر و توندڕەوی.
پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕای گشتی جیهانی و سوریا و کوردستان بەپەلە هەنگاو بنێن و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و کار بۆ سنووردارکردن و ڕاگرتنی ئەو تاوانانە دژی گەلەکەمان بکەن.
جەخت دەکەینەوە، بەردەوام دەبین لە پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و بانگەواز لە تەواوی پێکهاتەکانی گەلەکەمان دەکەین پشتیوانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیان بکەن. پێویستە باوەڕ بە بەرخۆدانی خۆمان بکەین کە تاکە گەرەنتی و ڕێگەیە بۆ لەناوبردنی تەواوی پلانەکانی دوژمن".