ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بەرخۆدانی کۆبانێی پیرۆز کرد

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوای لە گەلان کرد وەک چۆن پشتیوانیان لە کۆبانێ کرد، بەوشێوەیە پشتیوانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەن.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بۆنەی 1ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی کۆبانێ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە:

" شاری کۆبانێ بە بەرخۆدانی مێژوویی و لە سایەی شەڕڤانانی یەپەگە/یەپەژە، بۆ گەلەکەمان بووەتە میراتێکی قارەمانێتی و میراتێکی مرۆڤایەتی بۆ هەموو جیهان. سەرەڕای پاڵپشتی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورک بۆ ڕێکخراوی داعش لە کۆبانێ شکستی هێنا ولە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە شام و عێراق پاشەکشەی کرد.

١ی تشرینی دووهەم (ڕۆژی جیهانی کۆبانێ) کە گەلانی جیهان بۆ پشتیوانی لە کۆبانی هاتنە مەیدان، ڕووداوێکی مێژووییە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مۆدێرن، هەروەها هەنگاوێکی گرنگە بۆ پشتیوانی گەلان بۆ یەکتری کە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی دەکەن.

لە یادی ٩ ساڵەی ئازادکردنی کۆبانێ و لە ڕۆژی جیهانی کۆبانێدا جارێکی تر سوپاسی گەلەکەمان دەکەین کە هەڵوێستێکی مێژوویی نیشان دا. میراتی بەرخۆدانی کۆبانێ میراتی مرۆڤییە و دەستکەوتێکە بۆ گەلانی ئازادیخواز و دیموکراتیک. هەروەها سوپاسی هەموو پێکهاتەکانی گەلەکەمان لە سوریا و کوردستان و ئەنتەرناسیۆنالیستە ئازادیخوازەکان دەکەین کە خاونداریان لە کۆبانێ کرد.

بەڵام بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە لە تیرۆریزمی جیهانی (داعش) هێشتا هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی هەڕەشە و هێرش دەبنەوە. دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانمان، تاوان ئەنجام دەدات، ژێرخانەکان تێکدەدات و هەڕەشە لە ئارامی و ئاسایشمان دەکات. هەروەها هەڕەشه لەو دەستکەوتەکانەی لە دژی داعش و تیرۆر بەدەست کەوتوون دەکات.

ئێمە پاڵپشتی جیهانی بۆ کۆبانێ بەرز دەنرخێنین. پاراستنی دەسکەوتەکان بە بەردەوامبوونی پاڵپشتیەکان لە شۆڕشی گەلەکەمان و شەڕی دژی تیرۆر و ڕاگرتنی دەوڵەتی تورک و شەرمەزارکردنی سیاسەتەکانی لە پاڵپشتی تیرۆر،  لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو کۆمەڵکوژیانەی دژی گەلەکەمان ئەنجامی دەدات، دەکرێت.

بە گەلەکەمان دەڵێین کە میراتی بەرخۆدانی کۆبانێ و ڕێبازی شەهیدانی کۆبانێ و تەواوی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێتە ڕووناکی بڕیار و ئیرادەمان بۆ گەیشتن بە داخوازیەکانی گەلەکەمان و پاراستنی پێکهاتەکانی گەلەکەمان. هەروەها زەمینە بۆ ئازادکردنی هەرێمە داگیرکراوەکانمان و بەردەوامیی لە شەڕی دژی تیرۆر وئاژاوە خۆش دەکات. ئێمە دڵنیاین کە گەلەکەمان بە ئیرادەی خۆی سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت وهەرێمە داگیرکراوەکان ئازاد دەکات و سوریایەکی یەکگرتوو پێک دێنێت."