ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی: ئامانجی ستراتیژیمان ڕزگارکردنی خاکەکەمانە
خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ئازادکردنی خاکە داگیرکراوەکەمان ئامانجی ستراتژیمانە و جەختی کردەوە "هەموو سەرچاوەکان بۆ ئەمە مەبەستە بەکاردێنین".
خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ئازادکردنی خاکە داگیرکراوەکەمان ئامانجی ستراتژیمانە و جەختی کردەوە "هەموو سەرچاوەکان بۆ ئەمە مەبەستە بەکاردێنین".
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە چوارەمین ساڵیادی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر سەرێکانی و گرێسپی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بە پێشێلکاری و کۆمەڵکوژییەکانی هەرێمە داگیرکراوەکان کرد و ڕایگەیاند:" کۆمەڵکوژی و ئەو تاوانانەی لە ناوچە داگیرکراوەکان ئەنجام دەدرێن تاوانی دڕندانە و گەورەترین پێشێلکاری بنەما و بەها ئەخلاقی، ویژدانی و هاوپەیمانییە نێونەتەوەییەکانن. سیاسەتی مرۆڤ کوژی دەوڵەتی تورک لە دژی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بەر چاوی جیهاندا بەڕێوە دەچێت. داگیرکردنی سەرێکانی و گرێسپی لە ئەنجامی ڕێککەوتنی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا و ئەردۆغان و بێدەنگی نێونەتەوەیی ئەنجامدرا. عەفرینیش بە هەمان شێوە بوو. ئەم داگیرکاری، کۆچبەری و ئازارە دەرئەنجامی ئەو ڕێککەوتن و سیاسەتانەیە”.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بەرامبەر بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک ڕەخنەی لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی گرت و رایگەیاند: "دەوڵەتی تورک هەمان سیاسەت و دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی دژی هەرێمەکانمان ئەنجام دەدات". هێزی خۆی لە بێدەنگیی نێونەتەوەیی وەردەگرێت. بەداخەوە ئەو تاوان و وێرانکارییەی کە لە لایەن ڕژێمی فاشیستەوە دەکرێت، درێژەی ئەو سیاسەتە ستەمکارییانەیە. کەشوهەوای سیاسی زەمینە بۆ ئەوهێرشانە دروست دەکات”.
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا، لەسەر تاوانەکانی دژی دانیشتوانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوای لێپێچینەوە لە چەتە و دەسەڵاتدارانی تورک کرا. هەروەها ڕاگەیەندرا کە بژاردەی ڕزگارکردنی هەموو خاکە داگیرکراوەکان بژاردەیەکی ستراتیژی و بێگەڕانەوەیە و هەموو دەرفەتەکانمان لە دژی سیاسەتی کۆمەڵکوژی و داگیرکاری کۆدەکەینەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە سەرجەم هێزە چالاکەکانی سوریا، نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخستنە یاسایی و مرۆییەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا کە دۆخی ناوچە داگیرکراوەکان و ئەو کارانەی لە دژی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدرێن پشت گوێ نەخەن.