ئیدارەی ڕەقە: چارەسەری قەیرانەکان بەپێکەوە ژیانی گەلان دەکرێت

ئیدارەی مەدەنی دیموکراتیکی ڕەقە لە ساڵیادی ڕزگارکردنی ڕەقەدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "چارەسەری کێشەکانی ئێستا لە پێکەوە ژیانی گەل و بیروباوەڕەکاندایە".

ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنی و سەربازییەکان، پارتە سیاسییەکان، ڕێکخستن و بزووتنەوەکانی ژنان لە گوند و شارەکان بەشداربوون.

چاوەڕوان دەکرا ئاهەنگی پیرۆزبایی بۆ ڕزگارکردنی شاری ڕەقە ساز بکرایە،کە لە دەستی چەتەکانی داعش لە(٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧)ڕزگار کرا، بەڵام بۆ هاوسۆزی بە قوربانیانی کۆمەڵکوژی نەخۆشخانەی غەززە بۆنەکە هەڵوەشایەوە.

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن هاوسەرۆکی مەجلیسی مەدەنی ڕەقە، محەمەد نور ئەلزیبەوە خوێندرایەوە. محەمەد نور ئەلزیب سەرنجی بۆ تاوانە دڕندانەکان و شەڕی کۆمەڵکوژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دژی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاکێشا و بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەسفی کرد.

ئەلزیب دەست نیشانی کرد کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەموو شێواز و کەرەستەکانی شەڕی تایبەتی لە دژی گەل و پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا  بەکار هێناوە و لەگەڵ ئەوەشدا دەیویست پڕۆژەی دیموکراتیک و چاندی پێکەوەژیانی گەلان لەناوببات.

ئەلزیب ڕایگەیاند، بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، زیاتر هانی داوەکە هێرش بکاتە سەر ژێرخانی هەرێمەکە و خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج و کۆمەڵکوژی دڕندانە ئەنجام بدات.

ئەلزیب ئاماژەی بە کۆمەڵکوژیی نەخۆشخانەی غەززە کرد و کۆمەڵکوژیەکەی بە پێشێلکردنی هەموو بەها کۆمەڵایەتی و مرۆڤییەکان ناو برد و داوای ئاشکراکردن و سزای بکەرانی ڕووداوەکە کرد.

ئەلزیب ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا بە هاوکاری و پێکەوە ژیانی گەل و ئایینەکان دەکرێ و وتی، "بۆیە پێویستە لەپێناو پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان و بنیاتنانی تاکی ئازاد سوود لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری وەربگیرێت ".