ژمارەی شەهیدەکانی هێرشەکەى دەوڵەتی تورک بۆ سەر کۆبانێ گەیشتە ٦ شەهید

ژمارەی شەهیدەکانی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر کۆبانێ گەیشتە ٦ شەهید.

ڕۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە کۆبانێ خانوویەکی مەدەنیی بۆردومانکرد. لە ئەنجامیی ئەو بۆردومانەدا ٥ ئەندامی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتیی ژنانی گەنج شەهید بوون و ٤ کەسی دیکەش برینداربوون.

مەسعود ئیبراهیم، ئەندامی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە هێرشەکەدا برینداربوو و لە نەخۆشخانەی منبج چارەسەریی بۆ دەکرا. سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ چارەسەکردنی، شەوی ڕابردوو مەسعود ئیبراهیم شەهید بوو و بەوەش ژمارەی شەهیدانی ئەو بۆردومانە گەیشتە ٦ شەهید.

شەهید مەسعود ئیبراهیم لە ساڵی ١٩٩١ لە گوندی زراڤکێ لە باشووری کۆبانێ لەدایکبوو.

بڕیارە سبەینێ تەرمی شەهید مەسعود ئیبراهیم لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە کۆبانێ بەخاک بسپێردرێت.

ناوی شەهیدانی ئەو بۆردوومانەی دەوڵەتی تورک بەم شێوەیەیە: نوژیان ئۆجالان، ڤیان کۆبانێ، ڕۆجین ئەحمەد عیسا، مورهەف خەلیل ئیبراهیم، وەلید محەمەد مەنلا حسێن و مەسعود ئیبراهیم.

ژ.ت