"ڕژێمی دیمەشقیش پشتگیری لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و داعش دەکات"

لوقمان ئەحمێ وتەبێژی ئیدارەی خۆسەر ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک تەنها بە هاوکاری داعش هێرشەکان ئەنجام نادات و وتی: "هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەشدا بەشدارن لەو کارانەدا. بە پلەی یەکەمیش ئیدارەی دیمەشق تیایدا بەشدارە".

داعش ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە هێرشی کردە سەر زیندانی سەناعە کە چەتەکانی تێیدا ڕاگیراون. دوای ئەو هێرشە ماوەی ٣ ڕۆژە لە ناوچەکەدا شەڕی قورس لە ئارادایە. هاوکات لەگەڵ ئەو هێرش و پەلامارەدا دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژاڤا و شەنگال زیاد کرد.

لوقمان ئەحمێ وتەبێژی بەڕێوبەریی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و ڕووداوەکانی زیندانی سەناعە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

ئەحمێ رایگەیاند، بەڕێوبەریی خۆبەڕێوەبەر لە دوای دامەزراندنییەوە هەمیشە بووەتە ئامانجی هێرشەکان و ڕایگەیاند، بە تایبەتی دەوڵەتی تورک هێرشی کردووەتە سەر.

ئەحمێ راشیگەیاند: لە ساڵی ٢٠١٦ەوە کاتێک بەڕێوبەریی خۆبەڕێوەبەر دەستی بە پرۆسەی ئازادکردنی منببج کرد، دەوڵەتی تورک هێرشی کرد و وتی: "عەزاز و جەرابلوس پێشتر لە دەستی چەتەکانی داعش بوون، بەڵام دەوڵەتی تورک هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو چەتانەدا نەبوو. دەوڵەتی تورک بۆ چەتەکان کێشە نەبوو، تا ئەو کاتەی دەستمان کرد بە هەڵمەتی پاککردنەوەی چەتەکان کرد. هەر چۆن دەستمان کرد بە هەڵمەتی پاککردنەوەی چەتەکان، دەوڵەتی تورک دەستیکرد بە هێرشکردنە سەرمان.

پەیوەندیی دەوڵەتی تورک لەگەڵ داعش زۆر کۆنە. هەمووان قۆناغی موسڵیان لە یادە، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر موسڵ، باڵیۆزان و نوێنەرانی هەموو وڵاتەکان ناوچەکەیان بەجێهێشت، بەڵام نوێنەرایەتیی تورکیا لەوێ مایەوە و بەردەوام بوو لە کارەکانی.  ئێمە دەزانین هەر لەگەڵ لێدانی داعش و لاوازکردنی داعش دا، دەوڵەتی تورک هاتە ناوەوە و دەستی بە جموجوڵی راستەوخۆ کرد. پەیوەندیی لەگەڵ داعش بەهێزە. هەر وەک خەڵک لە بیریان دێت، کاتێک داعش لە کۆبانێ تێکشکێنرا، هێرشی کردە سەر عەفرین".

ڕووسیا لە پشت هێرشەکانەوەیە

ئەحمێ ڕایگەیاند، هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٩ بۆ سەر گرێ سپی و سەرێکانی لە چوارچێوەی سنوورێک دا ئەنجام دراوە، کە بە ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا و هێزە نێونەتەوەییەکان و تورکیا پێناسە کراوە و وتی، "بەڵام هێرشەکانی دوای ئەوە بە فۆرمات و شێوازێکی جیاواز تاوەکو ئێستا بەردەوامن. گەمارۆی ئابووری، بەکارهێنانی ڕووباری فورات وەک ئامرازێکی هەڕەشە، هەروەها هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی هێرشبەر. رێکخستنی چەتەکان و سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورک لە ناو وڵاتدا هەندێک جار بۆ ئاژاوەگێڕی و کاری تێکدەرانە هێرش ئەنجام دەدەن. هێرشی ئەمدوایە بۆ سەر زیندانێک، کە هەزاران داعشی تێدابوو بەشێکە لەو هێرشانە. واتە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، هاوکاریکردنی بۆ داعش کارێک نییە، کە تەنها خۆی بە تەنها ئەنجامی بدات. هاوپەیمان و هاوکارەکانیشی لە ناوچەکەدا بەشدارن.

هەروەها ئیدارە و بەڕێوەبەریی دیمەشقیشی تیادایە. ئەوان شێوازێکی هێرشکارانەیان لە دژی قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەیە و هەندێک جار ئەو چەتانە، کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی قەسەدە بە 'هێزی بەرگریکار' ناو دەبەن. هێرشەکانی دوو ڕۆژ لەوە پێش، ڤیتۆی کردنەوەی دەروازەی سنووریی تەل کۆچەری لە لایەن ڕووسەکانەوە، داخستنی دەروازەکە لە لایەن ڕژێمەوە، داخستنی دەروازەی سێمالکا بەشێکن لە شەڕی چەند قۆڵی دژی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر. خۆبەڕێوەبەریی خۆسەریش لەبەر ئەوە لە ناوچەکەدا مۆدێلێکی ئاشتی و برایەتییە، هەمیشە لەلایەن ڕژێمی سوریا و تورکیاوە دەکرێتە ئامانج. لە پشتی ئەوانەوە ڕووسیا هەیە و ئەوەش هەموو کەس دەیزانێت".

هێزە نێونەتەوەییەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ئەو زیندانە، کە چەتەکانی داعشی تیادایە، زیندانێک نییە، کە تاوانبارانی  تیرۆری تیادا رابگیرێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێن و ئیمکانیەتەوە لەوێ ڕاگیراون و پێشتر چەندین جار بۆ دادگایی کردنی چەتەکان داوامان لە هێزە نێونەتەوەییەکان کردووە، بەڵام لەو بوارەدا هەنگاویان نەناوە.

ئەحمێ ڕایگەیاند، تا ئێستا وەڵامی ئەرێنیان نەداوەتەوە بۆ داواکارییەکانیان و وتی: "تا ئێستا هیچ کەسێک بۆ دروستکردنی زیندانێک، کە بتوانرێت زیندانیانی داعشی تیادا رابگیرێت بەرپرسیارێتیی خۆی بەجدی جێبەجێ نەکردووە. جگە لەوەش هیچ کەسێک هەوڵی چارەسەرکردنی لایەنی ئابووری و کەمیی ئیمکانیەت لە ناوچەکەدا نەداوه. کاتێک هەموو ئەو هۆکارانە پێکەوە هەڵدەسەنگێنین، ئەوە روون دەبێتەوە، کە هێرشەکانی ئەم دواییەی داعشیش بۆ و چۆن روویانداوە.

هەروەها هەزاران خێزانی داعشیش لە کامپی هۆلدا هەیە. هەرچەندە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داوای لەو وڵاتانە کردووە، کە ئەو داعشانەى هاووڵاتییانن وەربگرنەوە، بەڵام هیچ کەس خۆی لەوە نادات. ئەوە لەگەڵ تێچوویەکی زۆر گەورەی  ئابووری دەبێتە هۆی لاوازیی ئەمنیی جدی. هێرشی قورسی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیش ئەو لاوازییە ئەمنییە زیاتر دەکات. چەتەکانی داعشیش سوودیان لەوە وەرگرتووە. هەرچەندە ئێمە بە بەردەوامی ڕامانگەیاندووە، هەڕەشەی داعش بەردەوامە و ئەمەش هەڕەشەیەکی جدییە، بەڵام هەمیشە ئەوە پشتگوێخراوە. دواین ڕووداو جارێکی دیکە دەریخست، کە داعش دەتوانێت زۆر چالاکانە خۆی بە شانە نهێنییەکانی ڕێکبخات و ببێتە هەڕەشەیەکی جدی.

هیوادارین ئەم دۆخە لە ئێستاوە باشتر ببینرێت و سیستمی خۆبەڕێوەبەری و هێزەکانی ئاسایش زیاتر لە ڕووی لۆجستیکی و ئابووری و تەکنیکی و هەواڵگرییەوە پشتیوانییان لێ بکرێت. لەگەڵ ئەو پشتیوانییانەدا پشتوانیی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی و رای گشتی پێک بێت. هەڵهاتنی چەتەکانی داعش لە زیندان نەک تەنها بۆ کۆمەڵگا و بەڕێوبەرایەتی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانی دیکەش هەڕەشە دەبێت".

بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان

لوقمان ئەحمێ، داوای لە هێزە نێونەتەوییەکان کرد، پێکەوە دژی داعش شەڕ بکەن و وتی: "داعش ماوەیەکی زۆرە دەستی بەسەر ئەم هەرێمەدا گرتبوو. لەم ناوچەیەدا کاری کردووە، بۆیە عەقڵیەتێکی لەم ناوچەیەدا دامەزراندووە. هەروەها هەژاری کۆمەڵایەتی و ئابڵوقەی زەمینی دەبنە هۆی رەخساندنی بوار بۆ عەقڵییەتی داعش، بۆیە بۆ تێکشکاندنی تێڕوانین و عەقڵییەتی داعش لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی سیاسەتی گەڕاندنەوە بۆ کۆمەڵگا و پەروەردە ئەنجام بدرێت، دەبێت کۆتایی بە کێشەی هەژاری و ئابووری بهێنرێت، پێویستە هێزە نێونەتەوەییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان بگرنە ئەستۆ، بۆ لەناوبردنی داعش کارمان لەگەڵ بکەن. هەتا ئەو کارانە ئەنجام نەدرێن، داعش هەمیشە دەبێتە هەڕەشە. بۆیە بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە پێویستە هەموو لایەنەکان بەجدی بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن".

ژ.ت