ژنان لە سێمالکا: تاوەکو ئەنجام بە دەستنەهێنین بەردەوامی بە چالاکیەکەمان دەدەین

ژنان سەردانی چالاکوانانی دەروازەی سنوری سێمالکا کرد و وتیان، " تاوەکو ئەنجام بە دەست نەهێنن، بەردەوامی بە چالاکیەکەیان دەدەن."

چالاکی سێمالکا ١٠٥ رۆژە بەردەوامە. شاندە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بەشداری لە چالاکیەکەدا دەکەن.

شاندێک لە ژنانی شەهبا، کۆبانێ و حەلەب سەردانی چالاکوانانی سێمالکایان کرد.

شاندەکە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی دێرکەوە پێشوازیان لێکرا. چالاکوانان لەبەردەم دەروازەی پێشخاپور دەستیان بە ڕێپێوان کرد.

دواتر لەسەر ناوی ژنانی شەهبا و حەلەب و دایکانی ئاشتی، شازیە ئیبراهیم قسەی کرد و وتی، " ئێمە لە چادری شکۆ لە دەروازەی پێشخابور داوا لە حکومەتی باشوری کوردستان دەکەین کە تەرمی شەهیدەکانمان رادەست بکاتەوە، لەبەرئەوەی ئەو شەهیدانە بۆ ئازادی و شکۆی گەلی کورد باجێکی گەورەیان داوە."

شازیە ئیبراهیم باسی ئەوەشی کرد کە، تاوەکو تەرمی شەهیدان وەرنەگرن، کۆتایی بە چالاکیەکەیان ناهێنن و دەست لە داواکاری خۆیان بەرنادەن.

لەسەر ناوی ژنانی کۆبانێ و کۆنگرەی ستار، فەلەک یوسف وتی، " ئێمە داوای وەرگرتنی تەرمی شەهیدەکان دەکەین. دەوڵەتی فاشیستی تورک سنوری داخست و پەدەکەش دەروازە سنوریەکانی لەسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا داخستووە. دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک ڕۆژئاوای گەمارۆدا و خەندەقی دروست کرد، پەدەکەش دەستی بە هەڵکەندنی خەندەق کرد. ئەم کردەوانە هەمووان لە خزمەتی دەولەتی تورکە لەدژی گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا."

فەلەک یوسف رایگەیاند، خیانەتی پەدەکە لەبەرانبەر پارچەکانی کوردستان، خیانەتێکی مێژووییە.

دواتر لەسەر ناوی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی گرکێ لەگێ، شێخا عەنتەر قسەی کرد و وتی، " تاوەکو ئەنجام بە دەستنەهێنن، دەست لە چالاکیەکە هەڵناگرن. داخستنی دەروازەی سنوری ناتوانێت کۆتایی بە چالاکیەکە بهێنێت، بۆیەش تاوەکو وەرگرتنی تەرمی شەهیدان بەردەوام دەبین."

چاوەڕی دەکرێت، ئەندامانی دەستەی دارایی و کۆمیتە و بەڕێوەبەریەکان بەشداری لە چالاکیەکەدا بکەن.

ف.ق