ژنانی گەنج لە کۆبانێ دژی پیلانگێڕی و گۆشەگیری ڕێپێوانیان کرد

ژنانی گەنج لە ناوچەی قنەی سەر بە هەرێمی فورات، بۆ ئیدانەکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان ئەنجام دا.

لە ناوچەی قنە لە هەرێمی فورات، سەدان ژنی گەنج بۆ ئیدانەکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنانی گەنج، ئازادی ڕێبەرایەتی مسۆگەر دەکەین"، ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.

ڕێپێوانی گەنجان، کە بە یەک دەنگ داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان-یان دەکرد، لە ئەنجومەنی ناوچەی قنە دەستی پێکرد و تا دووڕیانی گوندی قوردین بەردەوام بوو. لەو ڕێپێوانەدا کە وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد و ئاڵای بزوتنەوەی ژنانی گەنج بەرزکرایەوە، دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" بەرزکرایەوە.

دوای ڕێپێوانەکە، بە خولەکێک بێدەنگی ڕێز لە یادی شەهیدانی ئازادی گیرا و پاشان ئالیکار مستەفا، ئەندامی ژنانی گەنج قسەی کرد و وتی: "پێویستە هەمووان بۆ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان سەفەربەر بن. ٢٥ ساڵ لەمەوبەر هەموو دەوڵەتە خوێنڕێژەکان لەدژی ڕێبەرەکەمان پیلانێکیان داڕشت. مەبەست لەو پیلانگێڕییە لە ناوبردنی نەتەوەی کورد و کۆتایی ھێنان بە هێزەکانی پاراستنی گەل بوو. لە ٩ی تشرینی یەکەمدا ڕێبەرایەتی لە ئەنجامی گوشار و پیلانگێڕی سوریای بەجێهێشت و ڕووی لە یۆنان کرد. هێزە پیلانگێڕەکان ویستیان بەر بە لێگەڕینی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرن. ھەربۆیە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی دژ بە ڕێبەرایەتی لەلایەن دەوڵەتی تورک، ئەمریکا و سی ئای ئەیەوە بەڕێوەبرا و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا دەستگیر و ڕادەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کرا.

"ئێمە بۆ ڕێبەر ئاپۆ سەفەربەرین"

ئالیکار مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، پیلانگێڕی نێونەتەوەیی نەتەنیا دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بەڵکو دژی هەموو گەلی کوردستان پێکھێنرا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "رێبەر ئاپۆ بە خۆڕاگری و هەڵوێستی خۆی شکستی بەو پیلانگێڕییە ھێنا. ڕامان و ئەندێشەکانی ڕێبەرایەتی بووەتە سەرچاوەی زانیاری لە سەرانسەری جیهاندا. لە ڕێگەی سەپاندنی گۆشەگیری بەسەر ڕێبەر ئاپۆ ھەموو ڕۆژێک هەوڵ دەدەن پیلانگێڕییەکە نوێ بکەنەوە. هۆکاری سەرەکیشی ئەوەیە کە فاشیزم لە ئەندێشەکانی ڕێبەرایەتی دەترسێت و بە سەپاندنی گۆشەگیری هەوڵ دەدات ڕێبەرایەتی لە گەل دابڕێنێت."

ئەو ئەندامەی ژنانی گەنج لە کۆتاییدا جەختیکردەوە، تا ئەوکاتەی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر نەبێت، گەل و ژنان ئازاد نابن و وتی: "وەک گەنجان لە دژی پیلانگێڕی سەفەربەرین. بە دڵنیاییەوە دژی فاشیزم و داگیرکاری دەوەستینەوە و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین".

ژ.ن