ژنێکی دیکە لە کەمپی هۆڵ کوژرا

تەرمی ژنێکی سوری لە کامپی هۆل لە نێو بەشی تایبەت بە سورییەکان دۆزرایەوە کە ئاسەواری سێ فیشەکە بە جەستەیەوەتی و ئەوەش ١٠ هەمین کەسە لەمساڵدا لەو کامپە بکوژریت.

میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە زاری  سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کامپی هۆل بڵاویانکردەوە، تەرمی ژنێک لە بەشی تایبەت بە سورییەکان بەناوی عەلا حەمامی خەڵکی حەلەب دۆزرایەوە کە لە دایکبووی ساڵی ١٩٩١ە بە سێ فیشەک کوژراوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، چەتەکانی داعش لەناو کامپەکەدا ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە، ئەو تاوانانەش بەرامبەر بەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە دەیانەویت لە داعش و فکرەکەی دووربکەونەوە.

بەپێی وتەی هێزە ئەمنییەکانی کامپەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠ کەس لە کامپی هۆل کوژراون کە بریتین لە ژن و پیاوی سوری و عێراقی و بیانی. ساڵی ڕابردوو سەرەڕای هەوڵەکانی هێزە ئەمنیەکان بۆ جێبەجێکردنی دیسپلینەکانی، بەڵام ١٢٦ کەس کوژراون و ٤١ هەوڵی کوشتن لە کامپەکەدا ئەنجامدراوە و ١٣ چادریش سوتیندراون.

کامپی هۆلی یەکێکە لە مەترسیدارترین کامپەکانی جیهان کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی خێزانی داعش تێدایە، بەپێی دواین سەرژمێریش ٥٧ هەزار و ٤٦٠ ژن و منداڵ لەکەمپی هۆل هەیە و ١٥هەزار و ٦٠٣ خێزانی عێراقی و سوریی هەیە، ژنان و منداڵانی چەتەکانی داعشی بیانی ٨ هەزار و ٥٥٥ کەسن کە پێکهاتوون لە ٢٥٢٩ خێزان و خەڵکی ٥٤ وڵاتی جیاوازن هەیە.

ف.ق