ئاسیا عەبدوڵا، سەبارەت بە بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین، کە ئەمڕۆ لە ٤٣ یەمین ڕۆژیدایە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دووا؛
ئاسیا عەبدوڵا دەڵێت: ماوەی ٤٣ ڕۆژە کە سوپای تورکیا بە هەموو هێزییەوە لە بەر چاوی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی هێرش دەکاتە سەر عەفرین، بەرخۆدانێکی گەورە لە عەفرین لە ئارادایە، سوپای تورکیا دەیەوێت عەفرین داگیربکات و خەڵکەکەی کۆمەڵکوژبکات، کاتێک وڵاتێکی دەرەکی بەو شێوەیە دەستێوەردانی وڵاتێکی دیکە دەکات، گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بە ئاسانی ڕوو نادات.
لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەردۆغان و داعشدا نییە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر ڕۆژانە هاوڵاتیان کوشتار دەکەن، ئەگەر ناوی ئەوە تیرۆریزم نییە چییە؟، شوێنی ژیانی خەڵک وێران بووە، ئەوە پاکتاوی ڕەگەزییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا دەڵێت: ئەم هێرشە دەرئەنجامێکی دانوستانەکانی ئاستانەیە، ڕوسیا ڕێگای دایە تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین و خەڵک کۆمەڵکوژ بکات، ئەوە ئاشکرایە و هیچ شاراوە نییە، ئەرکی حکومەتی سووریایە کە بەرگری لە خاکەکەی بکات، بەڵام حکومەتی سووریا هەبوونی نییە، حکومەتی سووریا سەربەخۆ و بەبێ بڕیاری دەرەوە بۆی نییە هیچ بڕیارێک بدات، عەفرین ماوەی ٤٣ ڕۆژە کە بەرگری لە هەموو خەڵکی سوریا دەکات.
ئاسیا عەبدوڵا، لە کۆتاییدا وتی: ئەنجومەنی ئاسایش داوای کردووە ئاگربەستێکی ٣٠ ڕۆژە لە سوریا ڕابگەیەندرێت، ئێمە ئامادەییمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی تیمە چاودێرەکان بێن و بۆردوومانی شوێنە مەدەنی نشینەکان لە نزیکەوە ببینن، بەڵام نەهاتن، بەردەوامبوونی سوپای تورکیا لە هێرشەکانی بە واتای ئەوەیە کە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش هیچ بایەخێکی نییە.