ئەنجومەنی تەندروستیی کانتۆنی عەفرین: تا ئێستا ١٩٢ سیڤیل شه‌هید بوون

ئەنجومەنی تەندروستیی کانتۆنی عەفرین ڕایگەیاند بەھۆی ھێرشی داگیرکەریانەی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین تا ئێستا ١٩٢ ھاوڵاتیی سیڤیل کوژراون.

ئەنجێلا ڕەشۆ، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی تەندروستیی کانتۆنی عەفرین ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری عەفرین دوایین ئاماری قوربانیانی ھێرشەکانی سەر عەفرینی ڕاگەیاند.

ڕەشۆ ڕایگەیاند: لە ٢٠ی کانوونی دووەم/٣٠ی بەفرانبار کە ھێرشی دەوڵەتی تورکیا دژی عه‌فرین دەستی پێکرد تا ٢٥ی شوبات/٦ی ڕەشەممە، ٥٧٤ ھاوڵاتیی سیڤیل برینداربوون کە لەنێویاندا ٧٩ ژن و ٦٩ منداڵ ھەن.

ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی تەندروستیی کانتۆنی عەفرین ڕاشیگەیاند: لەو ماوەیەدا ١٩٢ ھاوڵاتیی سیڤیل شەھید بوون کە لەنێویاندا ٢٨ منداڵ و ٢٣ ژن ھەن.

ئەنجێلا ڕەشۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کار و خەباتیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو ھاوڵاتییە سیڤیلانەی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی خانووە وێرانکراوەکان بەردەوامە.

 

S.m