بۆ هێرشى سەر عەفرین زانیارى و چادێرى لە ناتۆوە و هێرش و بۆردومانیش لە تورکیاوە

ناتۆ لە چوارچێوەى شەڕ لە دژى داعشدا هەموو ئاسمانى سوریا بە عەفرینیشەوە چاودێرى دەکات. ئێستا ئاشکرا بووە سوپاى تورکیا بە ئاسانى دەستى بەو زانیاریانەى ناتۆ دەگات، کە فڕۆکەکانى ئاواکسى ناتۆ لە سوریا کۆیان دەکەنەوە.

 

دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر بە فەرمان و ڕەزامەندیى ڕووسیا دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر عەفرین. ئێستاش ئەوە ئاشکرابووە تورکیا بە چڕی سوود لە زانیارییەکانى ڕێکخستنى پەیمانى ئەتڵسیى باکوور (ناتۆ) بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین وەردەگرێت.

فڕۆکەى چاودێریى ئاواکس-ى سەر بە ناتۆ، لە ئاسمانەوە هەواڵ و زانیارى و چاودێریى خێرا لە چوارچێوەى شەڕی دژ بە داعشدا کۆ دەکاتەوە. لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا و بە بەردەوامى لە سوریاوە وێنە و زانیارى کۆدەکەنەوە و ئەو وێنە و زانیارییانەش دەکەونە دەست هەموو دەوڵەتەکانى ئەندام لە هاوپەیمانیى دژ بە داعشدا. سەربارى ئەوەى شەڕ لە دژى داعش کەمبووەتەوە، بەڵام بە بەردەوامى زانیاری کۆدەکرێتەوە. زانیارییەکان  دەنێردرێن بۆ بنکەى ئاسمانیی یەکری لە قەتەر (Combined Air Operation Center- CAOC).

تورکیاش ئەندامى هاوپەیمانیى دژ بە داعشە دەتوانێت ئەو زانیاریانە سات بە سات وەربگرێت و دەستى پێیان رابگات. ئاواکس سەرباری ئەوەى ئاڵاى ناتۆى بەسەرەوەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا فڕۆکەى ئەڵمانیایە. دواى ئەوەى سۆسیال دیموکراتەکان بۆ جارێکیتر بۆ پێکهێنانى حکومەتى ئەلمانیا، بوونە بەشێک لە حکومەتى هاوپەمانی، حزبى پۆپولیستى ڕاستڕەوى ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) لە پەرلەمانى ئەڵمانیا بووە ئۆپۆزسیۆن. ئەو حزبەش پرسیارى ئەوەى لە حکومەتى هاوپەیمانیى ئەڵمانیا کرد، لە کاتى هێرشکردنە سەر عەفریندا فڕۆکەکانى ئاواکس و تۆڕنادۆ چ کارێک دەکەن؟

ئەڵمانیا: فڕۆکەى تۆڕنادۆ لە عەفریندا بەکار ناهێنرێت

پرۆژە پرسیاری حزبى پۆپولیستى ڕاستڕەوى ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا لە ٦ خاڵ پێکهاتووە و لەلایەن رودگەر لوکاسینەوە ئامادە کراوە. حکومەتى مێرکلیش وەڵامى پرسیارەکانى دایەوە. لەبارەى چۆنیەتیى بەکارهێنانى فڕۆکەکانى ئاواکس و تۆڕنادۆ بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین زانیاریی خستەڕوو. حکومەتى ئەڵمانیا لە ٢٧ی شوباتى ٢٠١٨ / ٨ی ڕەشەممە وەڵامى پرسیارەکانى ئەو پرۆژە پرسیارەی داوەتەوە و ئێستاش پرسیارەکان و وەڵامەکان گەیشتونەتە دەستى ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) و پوختەى پرسیار و وەڵامەکان بەمشێوەیەن:

- حکومەتى فیدڕالى ئەڵمانیا چى لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر عەفرین دەڵێت؟

حکومەتى فیدڕاڵى ئەڵمانیا هەر وەک پێشتر خستوویەتییەڕوو، ئێستاش بۆ شەڕى سەربازى لە باکوورى سوریا زۆر نیگەرانە. حکومەتى فیدڕاڵ بۆ ئەوەی پێش لە فراوانبوونى شەڕ بگرێت لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا لە پەیوەندیدایە، بۆ ئەوەی یارمەتیى مرۆیى بگەیەنرێتە هاووڵاتیانى ئەو ناوچانە و خەڵکى مەدەنى بپارێزرێن. دەبێت نیگەرانییەکانى تورکیا لەسەر بابەتى ئەمنى لەبەرچاو بگیرێن، بەڵام بۆ ئەوەى لە سوریا شەڕ ڕوو نەدات دەبێت ڕێگاى ئاشتى و ئارامی و دانوستانى سیاسى بگیردرێنەبەر.

- هێرشى سەربازیى تورکیا بۆ سەر هەرێمى عەفرین بەپێى ماددەى ٥١ى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتوەکانە یان نا؟

تورکیا ڕۆژى ٢٢ى کانوونی دووەمى ٢٠١٨ / ٢ى ڕێبەندان، زانیارى داوەتە ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتوەکان، کە ئۆپراسیۆنەکەى ڕۆژی ٢٠ى کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ى بەفرانبار بۆ سەر عەفرین، بەپێى ماددەى ٥١ی پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان و لە چوارچێوەى بەرگریى ڕەوادایە. تورکیا ڕایگەیاند، بەهۆى هێرشى تیرۆرەوە کە لە ناو سوریاوە ئەنجام دەدرێن، هەڕەشە لە سنوورەکانى دەکرێن. تورکیا باسى ئەوەشیکردووە، ئەو ئۆپراسیۆنە لە دژى مەترسییەکانى تیرۆریزمە و ئەویش مافى پاراستن لەخۆى بەکار دەهێنێت. بێگومان بۆ مافە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەنجامە سەربازییەکان لە هەوڵداین. دەبێت هەموو شەرت و مەرجەکان لێکبدرێنەوە. حکومەتى فیدڕاڵى ئەڵمانیا لە ئێستادا هەموو زانیارییەکانی لە بەردەستدا نییە تاوەکو لێى ڕوون بێت کە مافە نێودەوڵەتییەکان و بابەتى مافداربوون لە ئارادایە یان نا.

- حکومەتى فیدڕاڵى ئەڵمانیا ئاگادارى ئەوەیە، کە سوپاى تورکیا دەستى بە زانیارییە کۆکراوەکانى فڕۆکە چاودێرییەکانى تۆڕنادۆ دەگات؟

هەموو دەوڵەتەکانى ئەندام لەهاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە دژى داعش دەتوانن ئەو زانیارییانە بەدەست بهێنن، کە لەلایەن فڕۆکە چاودێرییەکانى ئەڵمانیاوە کۆدەکرێنەوە. تورکیاش لەناو ئەو دەوڵەتانەدایە.

- حکومەتى فیدڕاڵى ئەڵمانیا ئاگادارى ئەوەیە، سوپاى تورکیا دەستى بەو زانیاریانە دەگات، کە لەلایەن فڕۆکەکانى ئاواکس-ەوە کۆدەکرێنەوە؟

فڕۆکەکانى ئاواکس بۆ پشتیوانیکردن لە هاوپەمانیى نێودەوڵەتى و شەڕ لە دژى داعش لە ئاسمانەوە کارى چاودێرى ئەنجام دەدەن. وێنە دەگرن و زانیارى کۆدەکەنەوە. ئەو زانیارییانە بۆ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى کۆدەکرێنەوە بۆ ئەوەى سوودیان لێوەربگرێت. ئەو زانیاریانە بۆ بنکەى ئاسمانیى یەکری (Combined Air Operation Center- CAOC) لە قەتەر و سعودیە دەنێردرێن. تورکیا وەک ئەندامێکى ناتۆ و ئەندامى هاوپەیمانیى دژ بە داعش دەتوانێت سوود لەو زانیاریانە وەربگرێت و دەستى پێیان ڕابگات.

حکومەتى فیدڕاڵى ئەڵمانیا ئاگادارى ئەوەیە، کە زانیارییە کۆکراوەکانى فڕۆکە چاودێرییەکانى ئەڵمانیا لە شەڕی دژ بە یەپەگەدا بەکاردەهێنرێن؟

زانیارییە کۆکراوەکان لەلایەن فڕۆکە چاودێرییەکانى سوپاى ئەڵمانیاوە بۆ ئامانجە دیاریکراوەکانە، کە ئەویش بە ناوى "تەنها بۆ ئۆپراسیۆن لە دژى داعش" بڵاودەکرێنەوە. فڕۆکە تۆڕنادۆکانی ئەڵمانیا لەسەرەتاى ساڵى ٢٠١٨ەوە هەرگیز بە ئاسمانى عەفریندا نەسڕوانەتەوە، کە لە کۆنتڕۆڵى یەپەگەدایە.

پارتى چەپ: زانیارى دراوە بە تورکیا

هێزەکانى ئەڵمانیا و چۆنیەتیى کارکردنیان لە بنکەى ئاسمانیى ئینجەرلیک بە بەردەوامى جێگاى مشتومڕ بووە. بە تایبەتى لەو ڕۆژەوە کە بابەتى چۆڵکردنى ئینجەرلیک لەلایەن هێزەکانى ئەڵمانیا، گفتوگۆى لەسەر دەکرێت. گریگۆر گسی یەکێک لە سەرکردەکانى پێشووى پارتى چەپى ئەڵمانیا لەو بارەیەوە وتى "سوپاى تورکیا بەپێى ئەو زانیارییانەى کە فڕۆکەکانى ئاواکس و تۆڕنادۆى سوپاى ئەڵمانیا لە سوریا کۆیان دەکەنەوە، بۆمب بەسەر کوردەکاندا دەبارێنێت".

هەروەها ئەندرەێ هانکۆ پەرلەمانتارى پارتى چەپى ئەڵمانیا ڕایگەیاند "ئاخۆ ئەو زانیاریانەى لە ئینجەرلیک کۆدەکرێنەوە لە ڕێگەى تورکیاوە دەگەینرێنە دەستى داعش؟ ئێمە بۆ ئەو بابەتە زۆر نیگەرانین. زۆر جار ئەوەمان لە حکومەتەکەى مێرکل پرسیوە، بەڵام ناتوانێت وەڵامێکمان پێ بداتەوە، کە بڕواى پێ بکەین".

ر.م