بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: پێویستە روسیا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بەجێبهێنێت

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند سەرەڕای ئەو رێکەوتنەی لەگەڵ روسیا هەیە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامن و پەیامێکیشی ئاڕاستەی دەوڵەتی روسیا کرد کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بەجێبهێنێت.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بارەی لێدوانەکەی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا بەیاننامەیکی دەرکرد.

لاڤرۆڤ رۆژی سێشەممە لە لێدوانێکدا وتبووی "بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە بارەی دیالۆگەوە جدی نییە". لەم بارەیەشەوە  فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوەو تیایدا هاتووە:

"لە سەرەتای هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر هەڕێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، دەوڵەتی تورکیا بە پێی ئەو هەوڵ و رێوشوێنانەی رێکەوتنی لەسەر کراوە، بە تایبەتە رێوشوێنی ئاگربەست کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ١٧ی تشرینی یەکەمدا لە تورکیا ئاشکرای کردبوو، هەروەها رێکەوتنی سوچی کە هەردوو سەرۆکی تورکیا و روسیا دوای ئەوە بە چەند رۆژێک ئیمزایان کردبوو، جێبەجێی نەکردووە.

بە بیانوی ئاگربەست و گوایا پێکهێنانی ناوچەی ئارام، لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و بە تایبەت لە تل تەمر و عەین عیسا و رێگای نێودەوڵەتی (M4) هێرشێکی بێسەروبەر ئەنجام دەدرێت. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ٣٥٠ هەزار کەس ئاوارە بوون، هەروەها بە سەدان کەسی مەدەنی شەهید و بریندار بوون و دیمۆگرافیی ناوچەکەش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رۆژی سێشەممە ٢٦ی تشرینی دووهەم لە مۆسکۆ، دووبارە رایگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە بارەی دیالۆگەوە جدی نیە".

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆهەڵاتی سوریا دەستی بە دیالۆگ کردووە و تا ئێستاش کار و چالاکییەکانی لە چوارچێوەی دیالۆگدا بەردەوامیی هەیە. سەرەڕای ئەوەی قەسەدە پابەندی رێکەوتنی ئاگربەست بووەو لە ناوچە سنورییەکان کشاوەتەوە. لە هەمان کاتدا لە سەرە بنەمای ئەو رێکەوتنەی نێوان روسیا و تورکیا، روسیا لەگەل شام کەوتە دیالۆگەوە و هێزەکانی سوپای سوریا لە سەرتاسەری سنوور جێگیر کران. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری سوریا لەم چوارچێوەیەدا کاروچالاکییەکانی بەڕێوە دەبات. هەروەها گەشتی کاروانە سەربازییەکانی هاوبەشی روسیا و تورکیا، بە سەرپەرشتی هێزی سەربازی روسی پەسەند کرا. ئێمەش بە بەردەوامی جەختمان لە چارەسەری و دیالۆگی نشتیمانیی سوریا کردەوە.

بەڵام ئەوەی ئاشکرا دەبێت، پێویستە رۆڵی روسیا زیاتر چالاک ببێت، چونکە لەگەڵ راستی و دروستی رێکەوتنەکە ناگونجێت. لە سەر ئەم بنەمایە ئێمە وەکو فەرمانگەی کاری دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەمەبستی ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەل شام، هەموو رێوشوێنێکمان گرتووەتە بەر و تا ئێستاش ئامادەین بۆ ئەم مەبەستە.

دوای هەنگاوی ئەرێنیمان، دیالۆگ لەگەڵ شام گرنگ دەبێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر تا ئێستا خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە. ئەمەش دەری دەخات کە دیالۆگی سیاسییان ناوێت. بۆیە ئێمە دەڵێین پێویستە رۆڵی روسیا چالاکتر بێت.

ئێمە پابەندی ئارامین و دەمانەوێت هێرشەکانی تورکیا بوەستێنن. ئێمە ئەمرۆش ئامادین، پشتمان لە هیچ رێکەوتنێک نەکردووە و هەمیشە دیالۆگێکی روون و ئاشکرامان ویستووە. هەڵوێستمان لەبارەی دیالۆگەوە روون و ئاشکرایە و نەگۆڕاوە. هێچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ مانەوەو گۆڕانکارییەکانی ئەمریکا نییە.

هەروەها ئەو رووداوانەی لە چەند ناوچەیەک روودەدەن، لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادایە و روسیا خۆیشی ئەوە دەزانێت کە ئەو ناوچانەی ئەمڕۆ دەبنە ئامانج، لە دەرەوەی رێکەوتنەکانی نێوان روسیا و تورکیادایە. لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە لیژنەی لێپرسینەوە لە کردەوەکانی تورکیا کە سەرتاسەری ناوچەکانی سوریا ئەنجامی دەدات، پێک بهێنرێت، بەڵام ئەو لێدوانانەی دوورن لە هەڵوێست و راستییەوە، پشتیوانییەکی راستەوخۆن بۆ ئەنقەرە و چەتەکانی کە بەردەوام بن لە کردەوەکانییان لە دژی سوریا و گەلەکەیدا."

ز.ش