حسۆ: دیارە ئەردۆغان بڕیاری شەڕ و کۆمەڵکوژی داوە

خەریب حسۆ هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک (تەڤدەم – TEV-DEM) ڕایگەیاند، ئاشکرایە ئەردۆغان بڕیاری شەڕی داوە و ئەوانیش خۆیان دەپارێزن و وتی، "بڕیاری شەڕ بڕیارێکی تورکیا، سوریا، ڕووسیا و ئێرانە و داوای لە گەلانی هەرێمەکە کرد لەدژی هێرشەکان یەکدەنگ بن."

هەڕەشەکانی تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک بەرامبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە و دوایین جار باسی شەڕیکی قوڕسی کرد و وتی 'شەڕەکە ئەوەندەی ئەمڕۆ یان سبەینێ نزیکە'. لەگەڵ هەڕەشەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورک، گواستنەوەی سەرباز بۆ سەر سنور بەردەوامە.

خەریب حسۆ هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتی (تەڤدەم – TEV-DEM) لە بارەی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئاشکرایە ئەردۆغان بڕیاری شەڕی داوە.

خەریب حسۆ هەڕەشەکانی تورکیای وەک 'پلانی تورکیا، سوریا، ڕووسیا و ئێران' لەقەڵەمدا و داوای لە گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە کرد لە دژی هێرش و هەڕەشەکان 'یەکدەنگ' بن.

حسۆ ڕاشێگەیاند، بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان ئەردۆغان تاوان دەکات و دەیەوێت کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات و وتی، "لەدژی هێرشەکان تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەن. ئەم هەڕەشە و مێشکە داگیرکەریەی ئەردۆغان لە عوسمانیەوە دێت. دەیەوێت بەردەوامی بە داگیرکەری بدات. لەبەری ئەوەی کوشتن تا ئێستاش سوودی بە ئەوان گەیاند و دەیەوێت هەڕەشە و هێرشەکانی بەردەوام بکات. لەبەرئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکرا و بەو هۆیەشەوە هێز وەردەگرێت و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات."

'ئەردۆغان بڕیاری کۆمەڵکوژی داوە'

حسۆ ئاماژەی بەوەدا، "هێزە نێودەوڵەتیەکان و ڕژێمی سوریا بە پێویستیان نەزانی یاسا نێودەوڵەتیەکان بهێنە بیری دەوڵەتی تورک. بەو هۆیەوە سنورەکەی تێدەپەڕێنێت. ئەردۆغانیش بەو هۆیەوە لەدژی گەلی کورد، گەلانی باکووری و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڕیاری کۆمەڵکوژی داوە و بە قسەی خۆی دەیەوێت 'سبەینی یان لە سبەینێ زودتر' هێرش بکات."

خەریب حسۆ ڕاشیگەیاند، پێویستە گەلانی تورکیا بزانن، بۆ ئەوەی قەیرانی وڵات و قەیرانی ناو پارتەکەی بشارێتەوە، ئەردۆغان هەوڵ دەدات شەڕ دروست بکات و وتی، "بەڵام چارەسەری قەیرانی تورکیا لە تورکیایە لە سوریا نییە. ئەردۆغان لە ڕێگەی چەتەکانیەوە هەموو هەوڵێکی تێکدەرانەی دا، بەڵام تێکچوو. تاڵان، تیرور و چەتەگەریەکەی لە هەموو جیهان تەشهیر بوو. ئێستاش دەیەوێت لە ڕیگەی تاڵان، چەتەکەری و تیرور و داگیرکەری ئەنجامێک بەدەستبهێنێت. کاتێک ئێمە دەڵێین دەیەوێت تاوان بکات، مەبەستمان ئەو کردەوانەیە. لەبەردەم هەموو جیهان هەڕەشە دەکات، پلانی داگیرکەری و کۆمەڵکوژی نیشان دەدات. لەگەڵ ئەوەی مەترسیەکە دەبینرێت، بەڵام هیچ کەسێک، شتێک لەدژی ناکات."

'گەلانی هەرێمەکە خۆیان دەپارێزن'

حسۆ ئەوەی خستەڕوو، گەلانی هەرێمەکە لەبەرامبەر داگیرکەری دەوەستنەوە. گەلانی ئێمە لە دژی داگیرکەری لەسەر پێن. بە چالاکیەکانی خۆیان، بە سیاسەتی خۆیان و بە پاراستنی خۆیان لە دژی دەوەستنەوە. بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگە. پێویستە هەموو کەس بزانێت کە بەرگیری دەکەین. گەلانی هەرێمەە لە یەک کەشتیدان. بەو هۆیەوە بە یەکدەنگی خۆمان دەپارێزین.

بەیەکەوە پلانەکەیان داناوە

خەریب حسۆ هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتی (تەڤدەم – TEV-DEM) وتیشی، "ئەردۆغان بە تەنها هەڕەشەی داگیرکەری ناکات، بە پشتگیری ڕووسیا و ئێران  و لە چوارچێوەی پلانێکی یەکگرتوودا کە ڕژێمی سوریاش لەناودایە، هەڕەشە دەکات. ڕژێمی سوریاش شەریکی هەڕەشە و هێرشەکانە. لەکاتێکدا لە ئەردۆغان هەڕەشە دەکات، ڕژێمیش هێرش دەکاتە سەر قەسەدە و ئەمەش نیشان دەدات، بەیەکەوە پلانیان داڕشتووە. هەردوو دەوڵەت هەوڵ دەدەن پلانەکە بەیەکەوە جێبەجێ بکەن. لە پشت ئەوانیشەوە ئێران و ڕووسیا هەن. پلانەکە بەیەکەوە ئەنجامدەدرێت."

تەمەنی ڕژێمیش کورت دەکەن

حسۆ وتی، "پلانەکە بۆ ڕژێمی سوریا زۆر مەترسیدارە. ئەو هێزانە لەوانەیە لەسەر لەناوبردنمان هەندێت حسابی خۆیان هەبێت، بەڵام لەناوخۆیاندا دەبێتە شەڕیان و تەمەنی ڕژێمیش کورت دەکەن. سوریا دەکەوێت ناو پڕۆسەیەکی بڕیاردان. هەموو کەسێک دەزانێت ڕژێمی سوریا لە هاوپەیمانیەکی سێ لایەنە پێکدێت کە لایەنەک شیعەیە و لایەنەک سوننەیە و لایەنەکیش لایەنگری ئەوروپان. ئەگەر ڕژێم لەناوبردنی گەلی کورد و گەلانی باکووری سوریا لە بەرژەوەندی خۆیدا ببینێت، ئەو کاتە هەنگاو بەرەو لەناوبردنی خۆی دەنێت. دەبێتە هۆی تێکچوونی سیاسەتەکەی. لەبەرئەوەی هەڕەشەکان تەنها لە دژی ئێمە نین."

بانگەوازی بۆ ڕای گشتی

حسۆ داوای لە گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە کرد، لەدژی هەڕەشەکان هەستیار بن. ئەردۆغان و هاوپەیمانە فاشیستەکانی لە کوێ دەڤەرێکی کوردی هەبێت، هەوڵی لەناوبردنی دەدەن. ئەگەر یەکگرتوو نەبین، ئەگەر خاوەنداری لە یەکتری نەکەین، سەرەی هەموو کەسێک دێت. ئەگەر هەموومان بە یەکگرتوویی بەیەکەوە بین، ڕای گشتیش پشتگیریمان دەکات. بانگمان بۆ هەموو پارتە کوردیەکان هەیە، بێدەنگ نەبن و دەنگیان بەرز بکەنەوە.

'کاتی ڕاوەستاندنی فاشیزمە'

حسۆ لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، هەرێمەکە ڕووبەڕووی فاشیزمێکی گەورە بووەتەوە و وتی، "بانگەوازیمان بۆ ڕای گشتی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، کۆمکاری عەرەبی و وەلاتێن عەرەب پێویستە بزانن، ئەم مەترسیە گەورەیە لەدژی هەموو لایەکە و کات کاتی ڕاوەستاندنی فاشیزمە."

ف.ق