خۆسەری دیموکراتیک: لەپاڵ شەڕڤانان دەوەستین

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازی لە سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمەکە کرد کە لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ڕوو لە سنورەکان بکەن و لە پاڵ بەخۆدانی هێزەکان بوەستن.

خۆبەڕێوەبەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیەندراوێکدا بانگەوازی لەسەرجەم خەڵکی سوریا کرد کە ڕوو لە هەرێمەکانی سنوری بکەن و لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بوەستن.

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک دووپاتی کردۆتەوە، کە ئەوان دیالۆگ بە بنەمای چارەسەری تەواوی کێشەکان دەزانن.

عەبد مەهباش هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوەو لە بەشێکیدا هاتووە:


لەپێناو ئاشتی، ئارامی و یەکێتی سوریا ١١هەزار شەهیدمان داوە

''سەرجەم پێکهاتەکانی گەلانی ئێمە بە درێژایی ساڵان بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامی و یەکێتی سوریا بپارێزن لەبەرخۆدان، لەچوارچێوەی ڕەگەزەکانی شۆڕشی ئێمە ئاشتی، دیموکراسی و ئاسایش ئێمە زیاتر لە ١١ هەزار شەهیدمان داوە، ئەو دۆخەی کە ئێمە پێیدا تێپەڕ دەبین دۆخێکی هەستیارو گرنگە و بەتایبەت دوای کۆتایی هاتنی داعش لەڕووی سەربازییەوە، هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەرەتای شۆڕشەوە ڕاناوەستێت.

هێرشی دەوڵەتی تورک دەبێتە هۆی زیندووکردنەوەی داعش

ئێمە بەهەموو ڕێبازێک هەوڵماندا هەرێمەکە لە دۆخی شەڕ دووربخەینەوە و ئێمە ئەرکی خۆمان لە پەیمانی ئاسایشی سنور بەهاوکاری ئەمریکا بەجێهێنا، هەڕەشەی تورکیاو هێرشی تورکیا کە لەوانەیە ئەنجام بدرێت مەترسییەو دەرەنجامێکی خراپ و گەورەی لەسەر هەرێمەکە دەبێت، هەروەها هێرشی تورکیا و دروستکردنی نائارامی و پشێوی دەبێتە هۆی ئەوەی داعش و سەرجەم ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان سود وەربگرن و جارێکی دیکە خۆیان بەڕیکخستن بکەنەوە، ئەمەش هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمەکەو جیهان دەکات و لەگەڵ خۆیشیدا بەملیۆنان خەڵک کۆچبەر دەبن.

وەک خۆبەڕیوەبەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بانگ لە تەواوی خەڵک و گەلی ئێمە دەکەین لە ناوخۆ و دەرەوە ئەو هێرشە ئیدانە بکەن و لەپاڵ شەڕڤانان بوەستن، بانگ لە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان دەکەین پاڵپشت بن بۆ ئەوەی ئەو هێرشە بێهۆیە ڕابگیرێت.

دیالۆگ چارەسەری ڕاستی سەرجەم کێشەکانە

لەکۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە کە دیالۆگ هێڵی ڕاستی چارەسەری سەرجەم کێشەکانە، ئێمە لەسەر پاراستنی یەکێتی سوریا و کۆمەڵگاو فرەڕەنگی سوورین، دووپاتی دەکەینەوە، گەلەکەمان لەهەر هێرشێک دەپارێزین، دەبێت تەواوی هێزە چالاکەکانی ناو خاکی سوریا لەنێویشیاندا ڕوسیا، ڕژێمی سوریا، کاتێک گەلی ئێمەیان لە کۆمیتەی نوسینەوەی دەستوری سوریا دوورخستەوە هەڵەیان کردووە و ئەمەش بۆ ئەردۆغان بۆتە یارمەتیدانێکی مەعنەوی تا هەڕەشە لەو هەرێمانە بکات.

پێویستە یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەڵوێست نیشان بدەن

پێویستە ویژدانی یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بجوڵێت و هەڵوێست لەدژی هەڕەشەو هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دیاری بکەن، چونکە گەلی ئێمە بۆ ئاسایشی ئەوان شەڕیان کرد دژی داعش، هێرشی تورکیا دەبێتە هۆی وێرانبوونی هەرێمەکەو کارەسات دروست دەکات، ئەوکات تەواوی جیهان بەرپرسیارن".

ک-ش