دایکانی عەفرین؛ ئێمە پشتی منداڵەکانی خۆمان بەرنادەین

لەدژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لەسەرعەفرین، هەر لە منداڵی ٧ساڵەوە هەتا بەساڵاچووانی ٧٠ ساڵە لە تێکۆشاندان. دایکانی عەفرین-یش بە درووستکردنی خواردن بۆ بەرەکانی شەڕ، بەشێکی ئەو بەرخۆدانییەیان وەئەستۆ گرتووە.

دایکان دەڵێن؛ ''ئەوانەی لە بەرەکانی بەرەنگاربوونەوەدان، ڕۆڵەکانی ئێمەن و ئێمە هەتا دوایە پشتیوانیان لێدەکەین".

هێرش و پەلامارەکانی سوپای فاشیستی تورکیا و چەتەکانی وەک داعش، ئەلنوسرە و ئەلقاعیدە بۆ سەر عەفرین لە ٤٠مین ڕۆژدا بەردەوامە. لە بەرانبەریشدا ئازایەتی و چەلەنگی گەلی عەفرین و شەڕڤانانی یەپەژە/ یەپەگە-ش ماوەی ٤٠ ڕۆژە درێژەی هەیە.

ڕەجەب ئەردۆغان-ی سەرۆک کۆماری تورکیا، بەوتنی 'ئێمە عەفرین ڕزگار دەکەین و دەیدەینەوە دەستی خاوەنە راستەقینەکانی'، هەوڵی دا ڕەوایەتی بە داگیرکاریی سوپای وڵاتەکەی بدات. گەلی عفرین-یش بەو جۆرە وەڵامی ئەردۆغان –یان دایەوە: ''عەفرین خاکی ئێمەیە و ئێمەش خەڵکی عەفرینین، ئەوانەی لەدژی هێرشەکانتان دەوەستنەوە، ڕۆڵەکانی عەفرینن''.

دەوڵەتی تورکیا کاتێک کە دەستیکرد بە پەلاماردانی عەفرین، چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە گەلی عەفرین ولاتەکەیان بەجێهێڵن و بچنە نێو خێمەکانی تورکیاوە کە لەسەر سنوور هەڵیداون. بەو جۆرە لە هەوڵی ڕەوایەتیدان بە پلانی داگیرکاری عەفریندا بوو. بەڵام لە بەرانبەر ئەو هێرشەدا، هەموو چین و توێژەکان هەر لە مناڵانەوە هەتا بەساڵاچوان، لە بەرانبەر ئەردۆغان و چەتەکانیدا وەستانەوە.

دایکانی عەفرین-یش، خواردن بۆ منداڵەکانیان لەبەرەکانی شەڕ درووست دەکەن و بۆ خۆشیان بوونەتە بەشێکی گرینگی ئەو بەرخۆدانە لە بەرەکانی پشتەوە. لە 'مەیدانکێ'ی سەر بە ناوچەی شەرا-ی عەفرین، دایکان هەر لەبەیانییەوە کۆدەبنەوە و ڕۆژانە ٢جار خواردن بۆ منداڵەکانیان ئامادە دەکەن.

دایە ئامینە، کە منداڵێکی لە بەرخۆدانی عەفریندا بەشدارە، دەڵێ؛ 'ئێمە خاوەنی ئەو خاکەین و نایدەینە دەستی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی'. دایە ئامینە، وتیشی: ''ئەوانەی لە بەرەکاندا لە دژی داگیرکاری دەجەنگن، کێن؟ ئەوانە خوشک و براکانی من و منداڵەکانی منن. ئێمە هەتا دوایی پشتیان بەرنادەین. ئێرە خاکی ئێمەیە و قەت بۆ دەوڵەتی تورکیای چۆلناکەین".

دایە ئامئینە، بەردەوام دەبێ لە قسەکردن و دەڵێ: ''ڕۆژانە بۆمبارانمان دەکەن، بەڵام با ئەوەیان لەبیرنەچێت کە ئەگەر دنیاشمان بەسەردا بڕووخێنن، ئێمە لێرەین و بۆ هیچ جێیەکی دیکەش ناچین".

دایە وەسیلە-ش کە کچێکی لە بەرەکانی شەڕ لە ڕیزی شەڕڤانانی یەپەژەدا دەجەنگێ و کوڕێکیشی شەڕڤانی یەپەگە-یە، ڕایگەیاند کە ئەردۆغان لە عەفرین هیچی دەست ناکەوێ. دایە وەسیلە، وتیشی؛ ''با هەموو کەسێک ئەوە باش بزانێ، ئێرە خاکی ئێمەیە. ئێمە لێرە لە دایک بووین و هەتا دوایین دڵۆپی خوێنمان هەر لێرە دەمێنینەوە. دڵنیاش بن ئەوەی سەردەکەوێ، هەر ئێمەین".