سوپا و چەتەکانى تورکیا بەردەوامن لە تاڵانکردنى گوندی کوردان لە عەفرین

دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى داعش و قاعیدە هاوکات لەگەڵ ئەوەى لە عەفرین دەستیان بە کوشتارى هاووڵاتیان کردووە، دەستیشان بە دزین و تاڵانکردنى ماڵ و موڵک و گوندى هاووڵاتیانى کورد کردووە.

 

سوپا و چەتەکانى تورکیا لە هەموو ئەو گوندانەى داگیریان کردوون دەستیان کردووە بە دزین و تاڵانکردنى ماڵى هاووڵاتیان. بەپێى زانیارییەکانى ئاژانسەکەمان، سوپاى تورکیا فتواى بۆ دەرکراوە کە ماڵ و موڵکى گوندە داگیرکراوەکان غەنیمەى شەڕن و "حەڵاڵن" و بەو شێوەیە چەتەکان هان دەدەن بۆ شەڕ و تاڵانکردن و دزی. چەتەکان کە بۆ ئەو مەبەستە شەڕ دەکەن لە گوندە داگیرکراوەکاندا هەرچیان بەردەست بکەوێت تاڵانى دەکەن.

هەروەها چەتەکان گوندەکانیان لەناو خۆیاندا بەش کردووە، کە کام گوند لەلایەن کام یەک لە گروپە چەتەکانەوە تاڵان بکرێت. چەتەکان کەلوپەلى هاووڵاتیان لە گوندە داگیرکراوەکاندا کۆدەکەنەوە و بە تاڵانیى دەبەن. بەپێى زانیاریییەکان، سوپاى داگیرکەرى تورکیا کاتێک گوندێک داگیر دەکات بۆ ماوەى ٢ ڕۆژ ناڕواتە ناو ئەو گوندەوە و دواى ٢ ڕۆژ لەوەى کە چەتەکان هەموو گوندەکەیان تاڵانکرد، دەچێتە گوندە تاڵانکراوەکەوە.

لە دواى ئەوەى وێنە و ڤیدیۆى "دزینى مریشکەکان" و دەستبەسەرداگرتنى تراکتۆرى هاووڵاتییەکى گوندى و دواتر کوشتنى خاوەنەکەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، ئەوە دەرکەوت، کە سوپاى تورکیا فەرمانى بە سەردەستەى چەتەکان کردووە، کاتێک ئەندامەکانیان تاڵانى دەکەن، تاڵانکارییەکەیان بە وێنە و ڤیدیۆ تۆمار نەکەن و ئەو ئۆتۆمبێل و تراکتۆرانەشى کە دەستیان بەسەردا دەگرن، ژمارە و پلاکەکەى لێ بکەنەوە.

گروپە چەتەکان لە گوندە داگیرکراوەکانى عەفرین، ئۆتۆمبێل، تراکتۆر، کەلوپەلی کشتوکاڵى، کەلوپەلى ناو ماڵەکان، ئاژەڵ، مریشک و قەل و زەیتون دەدزن و دیبەن بۆ ئیدلب، هاتای، کیلیس، دیلۆک، عەزاز، جەرابلوس و باب و لەو شوێنانەدا دەیانفرۆشن. تا ئێستا ئەوە ئاشکرا بووە، کەلوپەلە دزراوەکانى ناوچەى جندرێس و گوندەکانى دەورووبەرى لەلایەن چەتەکانەوە دەبرین بۆ ئیدلب و هاتاى، کەلوپەلە تاڵانکراوەکانى ناوچەکانى شییە و ڕاجۆ لەلایەن چەتەکانەوە دەبرێن بۆ هاتای و دیلۆک، کەلوپەلە دزراوەکانى گوندەکانى بلبلێ و شەرا دەبرێن بۆ کیلیس و عەزاز و  جەرابلوس و چەتەکان لەو شوێنانەدا ماڵ و موڵکى تاڵانکراوی هاووڵاتیان کورد دەفرۆشن.

ر.م