سوپای تورکیا، شوێنە مەدەنییەکان بۆردوومان دەکات

نوچەگەیانی ئاژانسی فورات، خۆی گەیاندە ئەو شوێنانەی کە سوپای تورکیای داگیرکەر لە ناوچەی جندرێس-ی عەفرین بوردوومانی کردوون و دیمەنی کاولکارییەکانی بڵاوکردەوە.

سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکای داعش و قاعیدە، تۆپبارانی کۆلانەکانی جندرێس-یان کرد. هێرشەکە چەندین کاتژمێری خایاند و ئاشکرابوو کە زیاتر لە ١٠٠گولە تۆپ لەو ناوچەیەی کەوتوون. هەروەها هەرێمەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاشەوە بۆ چەند کاتژمێر بۆردمان کرا.

لەو هیرشانەدا کە بە پشتیوانی فڕۆکە سیخۆرییەکان پێکهات، ماڵی هاوڵاتیانی سیڤیلی شارەکە بوو بە ئامانجی هێرشەکان. هەواڵنێری ئاژانسی فورات خۆیان گەیاندە هەرێمەکە و دیمەنی بۆردوومان و کاولکارییەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی ئەردۆغان-یان بلاوکردەوە.

 

لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە لە ئەنجامی هێرشی هەڕەمەکی سوپای تورکیا و گرووپە چەتەکاندا کە بە مەبەستی کۆمەڵکوژکردنی گەلی عەفرین پێکدیت، ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان کاول کراون و بە دەیان و ئۆتۆمبێلی  هاوڵاتیانزیانیان وەبەر کەوتووە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەمەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆڤی، بۆ ماوەی ٣٠ڕۆژ بریاری ئاگربەستی لە تەواوەتی سووریادا دەرکردووە. ئەو هێرش و بۆمبارانە جارێکی دیکەش ئەو ڕاستییە پێشان دەدات کە دەوڵەتی تورکیا هیچ گرێدراوییەکی بە پەیمانە نێودەوڵەتییەکانەوە نییە و لەدەرەوەی هەموو یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی هەستاوە بە قڕکردن و لەناوبردنی گەلی عەفرین.