سوپای تورکیا ناوچەی سیدەکانی باشوری کوردستان تۆپباران دەکات

تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە بنکە سەربازییەکانیانەوە لە ناوچەى سیدەکان، گوندەکانی دەورووبەری سیدەکانی سەر بە پارێزگای ھەولێر، تۆپباران دەکەن.

بەپێى ئەو زانیارییانە لە سەرچاوە هەرێمییەکانەوە بە دەستمان گەیشتوون، شەوی ڕابردوو گوندەکانى سنوورى سیدەکان لە پارێزگاى هەولێر لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە بۆردومان کراون.

سەر لەبەیانیى ئەمرۆش سەربازانى تورکیا لە بارەگانیانەوە لەو ناوچەیەدا، سنوورى گوندەکانى گەلى ڕەش و بەرمیز تۆپباران دەکەن و تۆپبارانەکەش تا ئێستا بەردەوامیى هەیە.

شەوی ڕابردووش فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا سنوورى ناوچەى سیدەکانیان بۆردومانکرد و تاوەکو درەنگانى شەویش فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکیا بە ئاسمانى ناوچەکەدا سوڕابوونەوە.

ئاماژە بەوەش دەکرێت، بەهۆى بۆردومانى و هێرشى ئاسمانیى تورکیاوە زیانێکى زۆرى ماددى بە ناوچەکە و ماڵ و موڵک و باغی هاووڵاتییان گەیشتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شەهید و بریندارەکانى ئەو بۆردومانە لەبەردەستدا نییە.

لەمدواییانەدا جموجوڵى سوپاى داگیرکەرى تورکیا لە باشووری کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە. لە ڕۆژى ١٢ى ئازار / ٢١ى ڕەشەمەدا، سوپاى تورکیا ٢ کیلۆمەترى تر لەو ناوچەیەدا هێزەکانى بردووەتە پێشەوە.

ر.م