عەبدی: داواکاری ئەردۆغان ناوچەی ئارام نییە، بەڵکو داگیرکەریە

مازڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە – QSD) ڕایگەیاند، میکانیزمی ئاسایش کە قەسەدەش بەشداری تێدا کردووە، بەردەوامە، بەڵام ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لە چاوپێکەوتنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پلانی داگیرکردنی پێشکێشی وڵاتان کرد.

مازڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بوو بە میوانی بەرنامەی (ئالتەرناتیف گوندەم)ی میدیا هابەر تی ڤی کە لە لایەن بارش پۆیرازەوە پێشکێش دەکرێت و دوایین دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای شیکردەوە.

'هەرێمە ئارامەکەی ئەو، خەیاڵە'

مازڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی قەسەدە ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک و سەرۆکی گشتی ئاکەپە لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نیشانی دا دەیەوێت باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیر بکات. بۆ ئەوەش پیلانەکەی ئامادەیە و ئەوەشی بە ئاشکرا بە هەموو جیهان ڕاگەیاند و وتی، "ئاشکرایە پیلانێکی گۆڕینی دیموگرافی (بێ کورد کردن) و پیلانێکی داگیرکەریە. پیلانەکەی سەرناگرێت. ئێمە و گەلانی سوریا و هێزی نێودەوڵەتیەکانیش پیلانەکەی قبوڵناکەین. گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرفەت بەو پیلانە نادات. خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتاڵ و بێخاوەن نییە. شتێکی خەیاڵیە کە خەڵکی تر نیشتەجێبکەن. شار و گوندیان بۆ دروست بکەن و زەوی کشتوکاڵایان بە سەردا بڵاوبکەنەوە. هیچ کاتێک ئەوە ناکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

'هەموو کەسێک دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی'

ئەوەی ئێمە و هەموو کەسێک پەسەندی دەکەن بەم شێوەیە یە: پەنابەران چ لە تورکیا و چ لە دەڤەرێکی تر دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر خاکەکەیان. دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان. ئەو شتانەی لە چوارچێویەی میکانیزمی ئاسایشدا قبوڵمان کردووە ئەمانەن: ئەوانەی بە زۆر پەنابەر کراون، دەتوانن بگەڕێنەوە. پشتگیری لە گەڕانەوەیان دەکرێت. لێرە بە تەنها مەرجێک هەیە. ئەوانەی دەگەڕێنەوە، بەڵام لەدژی گەل تاوانیان ئەنجامدابێت، ڕووبەڕووی عەدالەت دەکرێنەوە. وەک تر گەڕانەوە ئاستەنگ نییە.

'میکانیزمی ئاسایشی سنور بەرێوەدەچێت'

عەبدی لە بەردەوامی قسەکانیدا وتیشی، "میکانیزمی ئاسایشی سنور رێککەوتنێکە و لە نێوان ئەمریکا و تورکیا – ئەمریکا و هەسەدە دا ئیمزاکراوە. پێویستە میکانیزمەکە لە سێ قۆناغدا جێبەجێ بکرێت. تا ئێستا بێ کێشە بەردەوامە. وەک قەسەدە ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە. دەتوانین ڕایبگەیەنین، خاڵەکانی ناو رێککەوتنەکە تا ئێستا جێبەجێکراون و باش بەڕێوە دەچێت. پێویست بوو تا کۆتایی ئەم مانگە هەندێک هەنگاویان بهاوێشتایا. جێبەجێکران، هەندێک قۆناغ هێشتا بەردەوامە. تا ئێستا هیچ کێشەیەک نییە. لە چوارچێوەکەی خۆیدا جێبەجێدەکرێت و بەردەوامە. بەردەوام دەبێت تا کۆتایی پێدێت.

'هەڵە گەورەکەی کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی'

عەبدی ئاماژەی بە کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی کرد کە تورکیا، ئێران و ڕووسیا لە کۆبوونەوەی ئەنقەرەدا لەسەری ڕێککەوتن و دواتر لە لایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاگەیەنرا. عەبدی ئەوەی خستەڕوو، کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی بەم شێوەیە هەڵەیەکی گەورەیە و وتی، "نە تەنها کورد، عەرەب و سوریانی و هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەرەوەی کۆمیتەکە ماونەتەوە. یەک لەسەر سێی گەلانی سوریا بەشداریان لە کۆمیتەکەدا نەکردووە. ئەو کۆمیتەیەی کە یەک لە سەر سێی گەلانی سوریا و نوێنەرەکانینان بەشداریان تێدا نەکردووە، لە کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت. بە ڕای ئێمە بە هۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورکەوە، ئەوە ڕوویدا. ئەوانەی پشتگیری دروستکردنی کۆمیتەکەیان کرد، قبوڵیان کرد. ئەمە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە.

'نوێنەرەکانمان بەشدار نەبن، ئێمەش ڕەتیدەکەینەوە'

ئەگەر پێکهاتە و نوێنەرانی ئەم هەرێمە بەشداری لە پڕۆسەی ئاشتی نەکرێن، ئێمە ئەنجامەکان بە هیچ شێوەیەک قبوڵناکەین. هەموو ئەنجامێک ڕەتدەکەینەوە. یەک لەسەر سێی سوریا ڕەتیدەکەنەوە و هەوڵەکانیان بێئەنجام دەبن. ئەگەر داوای چارەسەری دەکرێت، پێویستە نوێنەرانی ئەم هەرێمە بەشداری پڕۆسەکە بکرێن. پێویستە دەستووری بنەڕەتی بە پێی داواکاری گەلان ئامادە بکرێت.

ف.ق