بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە ۱٨ـ۰۳ـ۲۰۱٨، لە بەرەکانی شەڕی نزیک لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و مەحمودیەی شاری عەفرین، لە شەڕی زۆر سەخت و دژواردا، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە ڕووبەڕوو هێزەکانی تورکیای داگیرکەر و تاقمە چەتەکانی بوونەتەوە.
بەگوێرەی زانیاری پەیامنێری ئاژانسەکەمان فورات نیوز لە عەفرین، لە شەڕەکاندا، شەڕڤانان گورزی زۆر قورسیان لە هێزەکانی دوژمن داوە و وێڕای کوژران و برینداربوونی دەیان ئەندامی تیمی تایبەت و سەرباز و چەتەی تورکیا، ژمارەیەکیشیان بەدیل کەوتوونەتە دەستی شەڕڤانان.
پەیامنێرەکەمان ئاشکرای کردوە، لە کاتی شەڕەکاندا، دوژمن بەفڕۆکە و تۆپخانە و تانک بۆردومانی خەستی ئەشرەفیە و مەحمودیە بەتایبەتی و عەفرینی بەگشتی کردوە. تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شەڕ و بۆردومان بە قورسی لەو دوو بەرەیە بەردەوامن.
شەوی ڕابردووش لەو دوو بەرەیە، بەهەمان شێوە شەڕڤان گورزی زۆر قورسیان لە هێزە داگیرکەکان دابوو و کوژران و برینداربوونی دەیان ئەندامی تیمی تایبەت و سەرباز و چەتەی تورکیای لێ کەوتبوویەوە.
ئەمەو مەدیاکانی تورکیا هەواڵی مردنی فەرماندەی گشتی هێزە زەمینیەکانی تورکیا، جەنەراڵ متحەت تونجایان بڵاوکردبوویەوە، کە لە شەڕەکانی ۱٥ـ۰۳ـ۲۰۱٨دا، لە عەفرین بریندار ببوو.
هـ.هـ