عەفرینییەکانی کەمپی سەردەم خۆیان بۆ زستان ئامادە دەکەن

دانیشتوانی عەفرین، کە بەزۆر لە ماڵ و حاڵیان دەرکران و کۆچبەر بوون لە کەمپی سەردەم نیشتەجێ بوون. بۆ ئەوەی بە سەختییەکانی ساڵی ڕابردوودا تێنەپەڕن بە هاوکاریی شارەوانیی کەمپەکە ئامادەکارییەکانیان بۆ زستان دەکەن.

دانیشتوانی عەفرین ٥٨ ڕۆژ لەژێر هێرشی دەوڵەتی تورک لە عەفرین بەرخۆدانێکی بەهێزیان کرد و هیچ کات ئامادە نەبوون خۆیان بە دەستەوە بدەن. دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک عەفرینی داگیر کرد بە ناچاری لە ناوچەی شەهبا نیشتەجێ بوون. وێڕای ئەو سەختیانەی کە پیایدا تێپەڕ دەبن، ئاستی بەرخۆدانەکەیان لەژێر باران، سەرما و گەرمای هاوین بەهێزتر و بەرزتر دەکاتەوە.

بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خەڵک تووشی سەختی نەبنەوە، خەڵکی عەفرین لە کەمپی سەردەم بە هاوکاریی شارەوانیی کەمپەکە ئامادەکاریی خۆیان بۆ زستان دەکەن بۆ ئەوەی باراناو نەچێتە چادرەکانیان.

هاوسەرۆکی شارەوانیی کەمی سەردەم قازقلی محەمەد لەبارەی ئامادەکارییەکانی خەڵک بۆ زستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

قازقلی محەمەد ڕایگەیاند، مانگێکە بۆ وەرزی زستان لە کەمپی سەردەم ئامادەکاری دەکەن و وتی: "ساڵی ڕابردوو دەرفەتەکانمان بۆ هاوکاریکردنی خەڵک نەبوو. هەربۆیە چەندین چادر لە کاتی باران باریندا ئاویان تێچوو. ئەمساڵ ئێمە باشتر توانیمان هاوکاریی خەڵک بکەین. بۆ ئەوەی وەکو ساڵی ڕابردوو نەبێت، هەر چادرێک بەپێی پێویستییەکەیان چیمەنتۆ و خۆلیان بۆ دێنین و لەڕێگەی کۆمۆنەکان بەسەریاندا دابەش دەکرێت. خەڵک خۆی چادری خۆی چاک دەکاتەوە. خەڵکی عەفرین لە عەفرین بەرخۆدانیان کرد. ئێستا لێرەش بەرخۆدان دەکەن. بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە عەفرین، هەموو سەختییەکیان خستوەتە بەر چاوی خۆیان. هەتا ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە عەفرین".

کۆچبەرێکی عەفرین بەناوی ئەدهەم، کە لە کەمپی سەردەم نیشتەجێیە ڕایگەیاند، هەتا نەگەڕێنەوە عەفرین لە بەرخۆدانی خۆیان بەردەوام دەبن.

ئەدهەم وتی: "ئەوە نزیکی دوو ساڵە ئێمە لەناو کەمپ داین. بۆ ئەوەی وەکو ساڵی ڕابردوو لە کەمپ سەختییەکانمان دووبارە نەبنەوە بە هاوکاریی شارەوانی چادرەکانمان لەنوێوە دەبەستینەوە. بۆ ئەوەی بۆ بارودۆخی زستان ئامادە بێت".

ژ.ت