فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا دەستیان کردەوە بە بۆردومانکردنى هاووڵاتیانى جندرێس
سوپاى داگیرکەرى تورکیا سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ بە فڕۆکەى جەنگى دەستیکردووەتەوە بە بۆردومانکردنى هاووڵاتیان و ناوندەى جندرێس لە عەفرین.
سوپاى داگیرکەرى تورکیا سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ بە فڕۆکەى جەنگى دەستیکردووەتەوە بە بۆردومانکردنى هاووڵاتیان و ناوندەى جندرێس لە عەفرین.
تا ئێستا زیانە مرۆییەکانى ئەو بۆردومانەى سوپاى تورکیاى داگیرکەر ڕوون نییە، بەڵام لە بۆردومانەکەدا زیان بەر چەندین ماڵ و شوێنى هاووڵاتیان گەیشتووە. ئاژانسى هەواڵى هاوار ڤیدیۆى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاى بۆ سەر ناوەندى جندرێس بڵاوکردەوە.
سوپای تورکیاى داگیرکەر دوێنێ دووشەممە بە فڕۆکەى جەنگى ناوەندى جندرێسى بۆردومانکرد و کۆمەڵکوژییەکى ئەنجامدا. لەو بۆردومانەدا ١٥ هاووڵاتى شەهیدبوون، کە زۆربەیان منداڵ بوون.
هەروەها دوێنێ گوندى بەربەنێ لە ناوچەى ڕاجۆ لەلایەن سوپاى تورکیای داگیرکەر و چەتەکانى داعش و قاعیدەوە بە چەکى قورس هێرشى کرایە سەر، کە بەو هۆیەوە ٣ هاووڵاتى شەهیدبوون و ١٨ هاووڵاتیى تریش برینداربوون.
سوپاى داگیرکەری تورکیئا لە ڕۆژى ٢٠ى مانگى یەکى ٢٠١٨ەوە و هەر لە سەرەتاى هێرشە داگیرکارییەکانییەوە بۆ سەر عەفرین، بەشێوەیەکى پلان بۆ داڕێژراو هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتیانى عەفرین و بەو هۆیەوە سەدان هاووڵاتى عەفرینى کوشتووە و بریندارى کردوون.
ئەنجوومەنى تەندروستیى عەفرین دوێنێ ٤ى ئازار ڕایگەیاند، بەلانیکەمەوە بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە ٢١٢ هاووڵاتى شەهیدبوون، کە ٢٨ کەسیان منداڵ و ٢٥ کەسى تریشیان ژنن.
هەروەها ٦١٢ هاووڵاتیى عەفرین بەهۆى هێرشە داگیرکارییەکانى سوپاى تورکەوە برینداربوون، کە ٧٦ کەسیان منداڵن.
ر.م