فیدراسیۆنى باکوورى سوریا: تا سەرکەوتن بەرخۆدان دەکەین

دەستەى بەڕێوەبەری فیدراسیۆنى دیموکراتیی باکوورى سوریا بانگى لە هەموو گەلان کرد، لە دژى هێرشی تورکیاى داگیرکەر بڕژێنە سەرشەقامەکان و ڕاپەڕن.

دەستەى بەڕێوەبەری فیدراسیۆنى دیموکراتیی باکوورى سوریا لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیای داگیرکەرەوە بۆ سەر عەفرین ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیه‌ندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر بێدەنگیى دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییانه‌ی کە تورکیا بەرامبەر گەلی عفرین ئەنجامى دەدات. داواشى لە گەلانى ئەوروپا کردووە بۆ ڕاوەستاندنى ئەو هێرشانە، گوشار لەسەر دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان دروست بکەن.

دەقى ڕاگەیاندراوەکەى دەستەى بەڕێوەبەری فیدراسیۆنى دیموکراتیی باکوورى سوریا:

هێرشى داگیرکارانەى تورکیا بۆ سەر هەرێمى عەفرین ٥٠ ڕۆژى تێپەڕاند. ڕۆژ بە ڕۆژ بەرخۆدانى گەلی عەفرین لە دژى ئەو هێرشانە زیاتر و زیاتر دەبێت. سەرکەوتنیش بە یەکگرتنى گەلانى باکوورى سوریا مسۆگەر دەبێت.

سوپاى تورکیای داگیرکەر هەموو جۆرە چەکێکى قورس  و فڕۆکەى جەنگى لە دژى گەلی عەفرین بەکار دەهێنێت. کۆمەڵکوژى بەرامبەر بە گەل ئەنجام دەدات و هەموو دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات. سوپاى داگیرکەر ڕاستەوخۆ هاووڵاتیانى مەدەنى دەکاتە ئامانجى هێرشەکانى و ناچاری ئاوارەبوونیان  دەکات. کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش لە بەرامبەر ئەو کردەوانەدا بێدەنگە.

بۆ سەرخستنى پرۆژەى فیدراسیۆنى دیموکراتی و مسۆگەرکردنى ئازادىی گەلى سوریا، بانگى ئێمە بۆ گەلى باکوورى سوریا و هەموو گەلانى سوریا ئەوەیە، کە بە یەکدەستى و یەکگرتووانە بەرامبەر بە داگیرکاریى تورکیا ڕاوەستن. ئێمە بەرخۆدانەکەمان  تا سەرکەوتن درێژە پێ دەدەین.

هەروەها بانگمان بۆ گەلەکەمان لە ئەوروپا ئەوەیە، کە گوشار لەسەر دامودەزگا نێونەتەوەییەکان، (ئەوانەى کە بۆ بە دیکۆمێنتکردنى ڕاستییەکان کار دەکەن)، دروست بکەن. بۆ ئەوەى هێرشی داگیرکارانەى تورکیا ڕابوەستێنرێن و ژیانى سەدان هەزار هاووڵاتیى عەفرین ڕزگار بکرێت.

سەرکەوتن بۆ گەلی عەفرینە.

 

ر.م